کۆبوونەوەیەکى تایبەت بە گەیاندنی خزمەتگوزاریی بۆ ناوچەی پیشەسازی گەورەى تیمار ئەنجامدرا
ئێوارەی دووشەممە 2023.5.29، لە چوارچێوەى گرنگیدانى کابینەى نۆیەمى حکومەتى هەرێم بە کەرتی پیشەسازی و ئابووریی لە هەرێمی کوردستان بەگشتی و هەولێری پایتەخت بە تایبەتی، بە سەرپەرشتی د.ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی هەرێم و ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و بە ئامادەبوونى د.عەلى ڕەشید، سەرۆکى ئەنجومەنى پارێزگاى هەولێر و تیمى ئەنجومەنى وەزیران و جێگرى پارێزگار و سەرجەم ئەندامانى لیژنەی گەشەپێدان و پشتگیری پڕۆژە پیشەسازییەکان، لە دیوانى پارێزگا، کۆبوونەوەیەکى تایبەت سەبارەت بە گەیاندنی خزمەتگوزاریی بۆ ناوچەی پیشەسازی گەورەی تیمار ئەنجامدرا.
لە کۆبوونەوەکەدا دوای خستنەڕووی نەخشەی بنەڕەتی و ڕووبەری گشتیی ناوچەکە و چۆنیەتی دابەشکاری زۆنەکانی ناوچەی پیشەسازی گەورەی تیمار، لە لایەن ئامادەبووانەوە گفتوگۆ لە بارەی جۆر و پێویستی خزمەتگوزارییەکان و خەمڵاندن و داڕشتنى میکانیزمی دەستپێکردن و تێچووى گەیاندنى خزمەتگوزارییەکان بە ناوچەکە کرا.
ناوچەى پیشەسازى "تیمار" یەکێکە لە پڕۆژە گەورە و ستراتیژییەکانی پارێزگای ھەولێر و لەسەر رووبەرى (3,678) دونم زەوى دروست کراوە و یەکێکە لە ناوچە پیشەسازییە گەورەکانى ناوچەکە و هۆکارێکە بۆ پەرەپێدان و بووژاندنەوەى کەرتى پیشەسازی و دابینکردنی هەلیکار لە سنوورى پارێزگاى هەولێر، تاوەکو ئێستاش چەندین کۆمپانیای وەبەرهێنان و کارگەى پیشەسازیی گەورە و مامناوەند لەوناوچەیەدا زەویان بۆ تەرخانکراوە.