لە کۆی (73) پڕۆژەى وەبەرهێنان و پیشەسازی، زەوى بۆ (63) پڕۆژەى قورس و مامناوەند دابین کرا

لە کۆی (73) پڕۆژەى وەبەرهێنان و پیشەسازی، زەوى بۆ (63) پڕۆژەى قورس و مامناوەند دابین کرا

لە کۆی (73) پڕۆژەى وەبەرهێنان و پیشەسازی، زەوى بۆ (63) پڕۆژەى قورس و مامناوەند دابین کرا

ئەمڕۆ چوارشەممە 2023.10.18، بە سەرپەرشتی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، بە مەبەستى پەرەپێدانى زیاتر بە پڕۆژەکانى وەبەرهێنان و پیشەسازیی و زیادکردنى دەستى کار و ڕێژەى بەرهەمى خۆماڵى و هاندانى کەرتى تایبەت بۆ سەرمایە گوزارى لە هەولێری پایتەخت، بە ئامادەبوونى سەرجەم ئەندامانى لیژنە، کۆبوونەوەى لیژنەی گەشەپێدان و پشتگیری پڕۆژە پیشەسازییەکان به‌رێوه‌چوو.

لە کۆبوونەوەکەدا، دواى خستنەڕوو و پێداچوونەوە بە چارەسەر و یەکلاییکردنەوەی کێشە و گرفتی چەند پڕۆژەیەک، گفتوگۆ لە بارەى پەرەپێدان و بووژاندنەوە و کار و بەرهەمى پڕۆژە پیشەسازییەکان لە سنوورى پارێزگاى هەولێر کرا.

پاشان داواکاری ئەو خاوەن پڕۆژانەی کە مۆڵەتیى کاریان پێدراوە و داوای تەرخانکردنى زەویان کردووە بۆ دروستکرنی کارگەکانیان خرایە ڕوو، دواى هەڵسەنگاندن بۆ پڕۆژەکان و کار و بەرهەم و ئامانج و مەبەستیان، لە کۆی (73) پڕۆژە، (63) پڕۆژەى پیشەسازى قورس و مامناوەند بەڕووبەرى جیاجیا زەویان بۆ تەرخانکرا و (3) پڕۆژە هەڵوەشێنرایەوە و (1) پڕۆژەش ڕەزامەندى لەسەر نەدرا و (6) پڕۆژەى دیکەش دواخرا بۆ دیراستکردنى زیاتر و (3) پڕۆژەى وەبەرهێنانیش دواى ڕەزامەندى تەرخانکردنى زەوى بۆیان گەڕێندرایەوە بۆ ڕیزى پڕۆژە پیشەسازییەکان.

جێگەى باسە، لیژنەی گەشەپێدان و پشتگیری کردنی پڕۆژە پیشەسازییەکان بە سەرۆکایەتى پارێزگارى هەولێر، بەمەبەستى پەرەپێدان بە پڕۆژە پیشەسازییەکان و زیادکردنى دەستى کار و ڕێژەى بەرهەمى خۆماڵى و هاندانى کەرتى تایبەت بۆ سەرمایە گوزارى لە هەولێرى پایتەخت لەماوەى ساڵانى ڕابردوو بەڕووبەرى فراوان زەوی بۆ چەندین کارگەی پیشەسازی قورس و مامناوەند تەرخان کردووە، کە لەداهاتوویەکى نزیکدا بەدروستکردن و کەوتنەکارى ئەو کارگانە سوودی زۆریان دەبێت بۆ پێشخستنی کەرتی وەبەرهێنان و پیشەسازی و زیادکردنى دەرفەتى کار بۆ لاوان و گەنجانى هەولێرى پایتەخت.