ڕاگەیندراوێک لە پارێزگای هەولێرەوە، لە بارەی سووتانی "بازاڕی قەیسەرى"

ڕاگەیندراوێک لە پارێزگای هەولێرەوە، لە بارەی سووتانی

ڕاگەیندراوێک لە پارێزگای هەولێرەوە، لە بارەی سووتانی "بازاڕی قەیسەرى"

دوای ئەوەی شەوی ڕابردوو 2024.5.5، ئاگرێکی گەورە لە بازاڕی قەیسەرى شاری هەولێر کەوتەوە، دەمودەست تیمەکانی (بەرگریی شارستانی، ئاسایش، پۆلیس، زێڕەڤانی، هاتووچۆ، تەندروستی، شارەوانی) گەیشتنە شوێنی ڕووداوەکە و بە هەوڵى ئەفسەر و کارمەندانی بەرگریی شارستانی توانرا ئاگرەکە کۆنتڕۆڵبکرێت، دواى کۆنتڕۆڵکردنى ئاگرەکە لیژنەیەکى تایبەت بە خەمڵاندنى زیانەکان پێکهێنرا و بەپێى دواین ئامار لە کۆی زیاتر لە (4000) دوکان، (227) دوکان و (7) کۆگایى بچووکى بازاڕەکە سووتان و زیانیان پێگەیشتووە، ئەمڕۆش دوای خەمڵاندنی زەر و زیانەکان دەست بە پاککردنەوەى تەواوی بازاڕەکە کراوە.

سوپاس بۆ "خودا" لە ڕوودانی ئەو کارەساتە، جگە لە زیانی ماددی هیچ زیانێکی گیانی لێنەکەوتەوە، بەڵام بەداخەوە بە هۆى قەرەباڵغێەکى زۆرى هاوڵاتییان لە شوێنى ڕووداوەکە، (132) کەس لە ئەفەسەر و کارمەندانی بەرگری شارستانی، ئاسایش، پۆلیس، کاسبکار و هاوڵاتی، بریندار بوون و بەشێکیشیان بە هۆی دوکەڵی ئاگرەکەوە تەندروستیان تێکچوو، و هەرزوو لە لایەن تیمەکانی تەندروستی لە شوێنی ڕووداوەکە (117) كەسيان چارەسەرکران و (15) كەسى تريشان کە پێویست بوون گواسترانەوە بۆ نەخۆشخانەى فریاکەوتن و چارەسەری پێویستیان بۆ وەرگیرا.

وێڕای دەستخۆشیمان لە تیمەکانی (بەرگری شارستانی، پۆلیس، ئاسایش، زێرەڤانی، هاتووچۆ، تەندروستی، شارەوانی، قائیمقامیەتى ناوەندى، پۆلیسى شارەوانى، قەیرانەکانى پارێزگا، دەزگاى خێرخوازى بارزانى، ژینگە پارێزى) لە بەرامبەر هەوڵەکانیان بۆ کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکە و بە هاناوەچوونی دوکاندار و زیانلێکەوتووانى بازاڕکە، هاوڵاتییانی شارى هەولێر دڵنیا دەکەینەوە، لیژنەیەک بۆ لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون لە هۆکاری کەوتنەوەی ئاگرەکە و خەمڵاندنى قەبارەی زیانە ماددییەکان پێکهێنراوە و لەو نزیکانە دەرەنجامەکانى ئاشکرا دەکرێت.

ڕاگەیاندنی پارێزگای هەولێر
2024.5.6