لە سنووری ناحییەى ڕزگارى.. بەئامادەبوونى وەزیرى پەروەردە و پارێزگارى هەولێر، قوتابخانەیەکى 18 پۆلى کرایەوە

لە سنووری ناحییەى ڕزگارى.. بەئامادەبوونى وەزیرى پەروەردە و پارێزگارى هەولێر، قوتابخانەیەکى 18 پۆلى کرایەوە

لە سنووری ناحییەى ڕزگارى..
بەئامادەبوونى وەزیرى پەروەردە و پارێزگارى هەولێر، قوتابخانەیەکى 18 پۆلى کرایەوە

ئەمڕۆ پێنجشەممە 2023.11.16، بە ئامادەبوونى ئالان حەمەسەعید، وەزیرى پەروەردە و ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر، لە شاری ژیان سیتى لە نزیک گۆمەلگەی کانی قرژاڵە لە سنووری ناحییەی ڕزگاری، لە ڕێورەسمێکدا قوتابخانەى 18 پۆلى ژیانی هاوچەرخی بنەڕەتی تێکەڵاو کرایەوە.

لە ڕێورەسمەکەدا کە هەریەک لە قائیمقامى قەزایی خەبات و بەڕێوەبەرى گشتیى پەروەردەى هەولێر و بەڕیوەبەرى ناحییەى ڕزگارى و بەڕێوەبەری پەروەردەی خەبات و ژمارەیەکى تر لە مامۆستایان و سەرپەرشتیارانى پەروەردەیى ئامادەى بوون، دوای کردنەوەی قوتابخانه‌كه‌ و بەسەرکردنەوەى ژوور و هۆڵەکانی خوێندنی قوتابیان، پارێزگارى هەولێر پیرۆزبایی لە دانیشتووانى ناوچەکە و بەڕێوەبەر و مامۆستایان قوتابخانەکە کرد و ئاماژەى بەوەدا کە کردنەوەى ئەم قوتابخانەیە هەنگاوێکى ترى کابینەى نۆیەمى حکومەتى هەرێمى کوردستانە بە ئاڕاستەى پەرەپێدانى زیاتر بەکەرتى پەروردە و فێرکردن لە هەرێمى کوردستان و سوپاسی وەزیری پەروەردە و وەزارەتی پەروەردە کرد، کە لەپلان و بەرنامەی کاری وەزارەت هەمیشە تایبەتمەندی سنووری پارێزگای هەولێر لەبەرچاوگیراوە لە نۆژەنکردنەوە و دروستکردنی قوتابخانە و ڕایگەیاند: "ئومێد دەکەین پڕۆسەى خوێندن و پەروەردە لەسەرانسەرى هەرێمى کوردستان بە گشتیى و لە هەولێرى پایتەخت بەتایبەتى سەرکەوتنى زیاتر و دەرەنجام و دەستکەوتى بەرزى زانستى پتر بەدەستبهێنێ".

جێگەى باسە، قوتابخانەی ژیانی هاوچەرخی بنەڕەتی لەسەر ڕووبەری (5000 مەتر چوارگۆشە) دروستکراوە و پێکهاتووە لە (18) پۆلی خوێندنی قوتابیان، بە گووژمەی (1 ملیار و 500 ملیۆن دینار) لەسەر ئەرکى خاوەنی پڕۆژەکە بە هەماهەنگی دەستەی وەبەرهێنان و وەزارەتی پەروەردە و پارێزگای هەولێر بەدابینکردنى تەواوی پێداویستیەکانیەوە دروستکراوە.