لە بەرزاییەکانی کەسنەزان.. (12 هەزار) دار لە چوارچێوەی پڕۆژەی (NEFES) چاندرا
لە بەرزاییەکانی کەسنەزان..
(12 هەزار) دار لە چوارچێوەی پڕۆژەی (NEFES) چاندرا
ئەمڕۆ پێنجشەممە 2023.11.23، بە ئامادەبوونی، بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ و ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و عەبدولڕەحمان سدیق، سەرۆکی دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگەی هەرێم و مەهدی ئەکەر، وەزیری پێشووی کشتوکاڵی تورکیا و مەولود یاقوت، کونسوڵی گشتی تورکیا لە هەولێر و بەیان سامی عبدالرحمن، ڕاوێژکاری سەرۆکوەزیرانی هەرێم بۆ پرسی گۆرانکارییەکانی کەش و هەوا و ژمارەیەکی تر لە بەرپرسان، لە بەرزاییەکانی کەسنەزان، لە چوارچێوەی پڕۆژەی (NEFES) دەستکرا بە چاندنی (12 هەزار) دار وەک قۆناغی یەکەم.
لە بارەی پڕۆژەکە پارێزگاری هەولێر، لە وتارێکدا، سوپاسی وەزیر و وەزارەتی کشتوکاڵی تورکیای و کونسڵخانەی وڵاتەکەی لە هەولێر کرد بۆ ئەنجامدانی پڕۆژەکە و ئەو هەماهەنگی و هاوبەشیەی ئەمساڵ لەگەڵ هەرێمی کوردستانیان کردووە.
جێگەی باسە، پڕۆژەی (NEFES) لە چوارچێوەی گرنگیدانە بە زیادکردنی ڕێژەی سەوزایی و پاراستنی ژینگە و رووبەروبونەوەی گۆرانکارییەکانی کەشو هەوا لە لایەن وەزارەتی کشتوکاڵی تورکیا و کونسوڵخانەی گشتی تورکیا لە هەولێر، بەپاڵپشتی سێکتەری کشتوکاڵی و ژینگەی هەرێمی کوردستان دەستی پێکراوە و بڕیارە لەو پڕۆژەیەشدا (47 هەزار) دار لەبەرزاییەکانی کەسنەزان بچێنرێت.