لە هەولێر .. گەورەترین "سەنتەری هیمۆفیلیا" لە سەرئاستى هەرێمى کوردستان کرایەوە

لە هەولێر .. گەورەترین

لە هەولێر ..
گەورەترین "سەنتەری هیمۆفیلیا" لە سەرئاستى هەرێمى کوردستان کرایەوە

ئەمڕۆ سێشەممە 2024.4.23، بە ئامادەبوونى د.سامان بەرزنجى، وەزیرى تەندروستى و ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر و بەڕێوەبەرى گشتیى تەندروستى هەولێر و ژمارەیەکى تر لە بەرپرسانى ئیدارى و حکومى و پزیشک و کارمەندانى تەندروستى، لە ڕێو رەسمێکدا گەورەترین "سەنتەری هیمۆفیلیا" لە سەرئاستى هەرێمى کوردستان لە نێو نەخۆشخانەى نانەکەلى هەولێرى پایتەخت کرایەوە.

لە ڕێورەسمەکەدا، دواى ئەوەى پارێزگارى هەولێر و وەزیرى تەندروستى سەرجەم بەش و هۆبەى سەنتەرەکەیان بە سەرکردەوە کە بەشێوە و شێوازێکى سەردەمیانە دروستکراوە، پارێزگارى هەولێر خۆشحاڵى خۆى بەکردنەوەى ئەم سەنتەرە نیشاندا و دەستخۆشى لە بەڕێوەبەر و پزیشک و ستافى نەخۆشخانەکرد و هەروەها سوپاسى بنەماڵەى خێرخواز "ئەحمەد ئیسماعیل نانەکەلى" کرد کە ئەرکى دروستکردنى سەنتەرەکەیان گرتۆتە ئەستۆ و تیشکى خستە سەر ئەوەى کە کردنەوەى ئەم سەنتەر کاریگەرى گرنگ و باشى دەبێت لە چارەسەرکردنى تووشبووانى هیمۆفیلیا نەک تەنها لە هەولێر بەڵکو لە تەواوى هەرێمى کوردستان و شارەکانى ترى عێراقیش و یەکێکە لە شوێنە گرنگیەکانى شارەکەمان بۆ پێشکەشکردنى خزمەتگوزارى تەندروستى.

جێگەى باسە، سەنتەری هیمۆفیلیاى نەخۆشخانەى نانەکەلى، کە گەورەترین سەنتەرە لە سەرئاستى هەرێمى کوردستان و لە هەمانکاتدا سەنتەرە بۆ پێدانى چارەسەرى سروشتى بۆ نەخۆشانى "هیمۆفیلیا و شێرپەنجە" بە تایبەتى "شێرپەنجەى مەمک"، بە گوژمەى زیاتر لە (1 ملیۆن دۆلار) لە سەر ڕووبەرى (850 مەتر2) دروستکراوە.