پارێزگاری هەولێر و کونسڵی ئەمریکا، "سەنتەری ناساندنی قەڵای هەولێر بە منداڵان"یان کردەوە
پارێزگاری هەولێر و کونسڵی ئەمریکا، "سەنتەری ناساندنی قەڵای هەولێر بە منداڵان"یان کردەوە
ئەمڕۆ یەکشەممە 2024.4.28، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و مارک سترۆ، کونسڵی ئەمریکا لە هەولێر، بە ئامادەبوونی سەرۆکی کۆمسیۆنی باڵای نۆژەنکردنەوەی قەڵات و ژمارەیەکی دیکە لەمیوانان، لە سەر قەڵای هەولێر، "سەنتەری ناساندنی قەڵات بۆ منداڵان"یان کردەوە.
لەڕێورەسمەکەدا، پارێزگاری هەولێر، لە وتارێک وێڕایی پیرۆزبایی لە منداڵان و گەشتیارانی بۆ کردنەوەی سەنتەرەکە، ڕایگەیاند: "ئەمڕۆ خۆشحاڵین کە یەکێکی دیکە لە پلانەکانی ماستەرپلانی قەڵات جێبەجێ دەبێت، ئەم سەنتەرەی ئەمڕۆ دەکرێتەوە دەبێتە بەشێکی دیکە لە ناساندنی مێژوو دێرینی شاری هەولێر بۆ منداڵان و نەوەکانی دەهاتوومان".
گوتیشی: "بەناوی پارێزگای هەولێر و حکومەتی هەرێمی کوردستان، سوپاسی بەڕێز کونسڵ و ستافی کونسڵخانە و حکومەتی ئەمریکا دەکەین، کە هاوبەش بوونە بۆ ئەنجامدانی چەندین پڕۆژە لە سەر قەڵات، کە ئەم سەنتەرەش لە سەر ئەرکی ئەوان جێبەجێکراوە.
ڕاشیگەیاند: "حکومەتی هەرێمی کوردستان بەتایبەتی خودی جەنابی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە نزیکەوە گرنگی بە نۆژەنکردنەوەی قەڵاتی هەولێر دەدات و بەدواداچوون بۆ کارەکانی نۆژەنکردنەوەی قەڵای دێری شاری هەولێر دەکات".
لە کۆتایشدا، پارێزگاری هەولێر دەستخۆشی لە سەرۆک و ئەندامانی پێشوو و ئێستای کۆمسیۆنی باڵای نۆژەنکردنەوەی قەڵات کرد بۆ هەموو ئەو کار و پڕۆژانەی لە چوارچێوەی نۆژەنکردنەوە قەڵات ئەنجامیانداوە.
پاشان لەلایەن پارێزگاری هەولێر و کونسڵی ئەمریکا لە هەولێر، "سەنتەری ناساندنی قەڵات بە منداڵان" کرایەوە و یەکە یەکەی بەشەکانی سەنتەرەکەیان بەسەر کردەوە.