پارێزگاری هەولێر: "بە توندی ئیدانەى بەزاندن و پێشێلکارى و هێرشەکانی ئێران دەکەین به‌هه‌ر پاساوێک بێت بۆسەر خاکى هەرێمى کوردستان"

پارێزگاری هەولێر:



ئەمڕۆ چوارشەممە 2022.9.28، دواى ئەوەى بارەگا و کەمپی نیشتەجێبوونی خەڵکی سڤیلی حزبی دیموکراتی کوردستان لە کۆیە، کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران لە سلێمانی و پارتی ئازادی کوردستان (پاک) لە پردێ، بوونە ئامانجی هێرشی درۆنی و تۆپخانەیی ئێران، د.سامان بەرزنجى، وەزیرى تەندروستیى حكومه‌تى هەرێمى کوردستان و ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، بەیاوەری نەبەز عەبدولحەمید، قائیمقامی قەزایی ناوەند و د.دلۆڤان محەمەد، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستی هەولێر، لە نەخۆشخانەی فریاکەوتنى ڕۆژئاواى شاری هەولێر، سەردانی بریندارانی بۆردۆمانەكەیان کرد.

لەسەردانەکەیاندا، لەنزیکەوە لە دۆخی تەندروستیی بریندارەکانیان پرسی و هیوای چاکبوونەوەی خێرایان بۆخواستن و ئامادەیی هەموو هاوکاری و ئاسانکارییەکیان نیشاندا بۆ چارەسەرکردنیان، هەروەها بەڕێوەبەر و پزیشک و کارمەندانی نەخۆشخانەکەشیان ڕاسپارد هەرچی پێویستە بۆ چارەسەرکردنى برینداران ئەنجامیبدەن.

لەکۆنگرەیەکى ڕۆژنامەوانى هاوبەشدا لەگەڵ وەزیرى تەندروستیى، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر ڕایگەیاند: "بە توندی ئیدانەى بەزاندن و پێشێلکارى و هێرشەکانی ئێران دەکەین به‌ هه‌ر پاساوێک بێت بۆسەر خاکى هەرێمى کوردستان، کە لەئاکامیدا خەڵکی سیڤیل بوونه‌ته‌ قوربانی، داواشیکرد پێویستە لە زووترین کاتدا کۆتایی بەم دەستدرێژیانە بهێنرێت بۆسەر خاکى هەرێمى کوردستان، سەبارەت بە ئامادەباشى تیمەکانى فریاکەوتنیش وتى: "هه‌موو تیمه‌کانی ته‌ندروستی، به‌رگریی شارستانی، ناوه‌ندی قه‌یرانه‌کانی پارێزگا، لقى هەولێرى مانگی سووری عێراقی، ده‌زگای خێزخوازی بارزانی، خراونەتە ئامادەباشییه‌وه‌ بۆ بەهاناوەچوونی بەرکەوتووان و لێقەوماوانى بۆردوومانەکان".

جێگەى باسە، ئەمڕۆ چوارشەممە 2022.9.28، بارەگا و کەمپی نیشتەجێبوونی خەڵکی سڤیلی حزبی دیموکراتی کوردستان لە کۆیە، کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران لە سلێمانی و پارتی ئازادی کوردستان (پاک) لە پردێ، بوونە ئامانجی هێرشی درۆنی و تۆپخانەیی ئێران، بەپێى ئامارەکان تا ئامادەکردنى ئەم هەواڵە كۆی گشتی بریندارانى كۆیە و میحوەری پردێ گەیشتۆتە 32 بریندار و 9 شەهید بەم شێوەیە: 18 بریندار و 4 شەهید لە كۆیە، 14 بریندار و 5 شەهید لە میحوەری پردێ، پێشبینی دەکرێت ژمارەى شەهیدان زیاتربێت.