لە دیاربەکر.. (15)ەمین پیشانگای میزۆپۆتامیا تایبەت بە "گەشت و گوزار و کشتوکاڵ" کرایەوە

لە دیاربەکر.. (15)ەمین پیشانگای میزۆپۆتامیا تایبەت بە

لە دیاربەکر..
(15)ەمین پیشانگای میزۆپۆتامیا تایبەت بە "گەشت و گوزار و کشتوکاڵ" کرایەوە
ئەمڕۆ سێشەممە 2024.4.30، بە ئامادبوونی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و سیاسەتمەدار و کەسایەتی دیار ئەحمەد تورک و سەرۆکانی ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەولێر و دیاربەکر و جزیرێ و ژمارەیەکی تر لە پەرلەمانتاران و بەڕێوەبەرانی گشتی گەشت و گوزار و کشتوکاڵی هەولێر و دیاربەکر و سەرۆکی شارەوانی هەولێر و هاوسەرۆکانی شاەوانی دیار بەکر و ئەندامانی ژووری بازرگانی و ژمارەیەکی دیکە لە وەبەرهێنەرانی هەردوولا، لەڕێورەسمێکدا (15)ە مین پیشانگای میزۆپۆتامیای تایبەت بە "گەشت و گوزار و کشتوکاڵ" لە پیشانگای نێودەوڵەتی دیاربەکر کرایەوە.
لە ڕێورەسمەکەدا، پارێزگاری هەولێر، لە وتارێکدا وێڕای پیرۆزبایی کردنەوەی پیشانگاکە، دەستخۆشی لە سەرپەرشتیارانی کرد و هیوای سەرکەوتنی بۆ بەشداربووانی خواست و ڕایگەیاند: "وەک شاندی هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان، خۆشحاڵین بۆ جاری دووەم بەشدار دەبین لەو پیشانگایە کە لە شاری دیاربەکری خۆشەویست و ئازیز سازکراوە".
گوتیشی: "لێرەشەوە سڵاو و ڕێز و خۆشەویستی ڕێزدار مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەگەێنین بە خەڵکی خۆشەویستی دیاربەکر و ئێوەی بەڕێز، هەروەها سوپاسی بەڕێز سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی دیاربەکر دەکەین بۆ بانگهێشتەکەیان و جەخت لە پەرەپێدانی پەیوەندییە باشەکانمان لەگەڵیان دەکەینەوە".
پارێزگاری هەولێر، پیرۆزبایی لە یانەی وەرزشی ئامەدیش کرد بەبۆنەی بەدەست هێنانی نازناوی یانە پلە نایابەکانی تورکیا و هیوای بەدەستهێنانی نازناو و جامی پاڵەوانیەتییەکەی بۆ خواستن، گوتی: "سەرکەوتنی یانەی وەرزشی ئامەدسپۆرت خەمەکانی ئێمە و یانەی هەولێری کەمکردەوە".
پارێزگاری هەولێر، ڕاشیگەیاند: "هەرێمی کوردستان لە هەموو ئاستەکانیدا لەگەڵ وڵاتی گرنگی تورکیا و وڵاتانی تری ناوچەکە و جیهان ئامانجی ئەوەیە پەرەی زیاتر بە پەیوەندییەکانی و باشترکردنی بدات".
لەبەشێکی تری وتارەکەشیدا ئاماژەی بە سەردانەکەی سەرککۆماری تورکیادا بۆ هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان و دیدار و کۆبوونەوەکانی لەگەڵ سەرۆک بارزانی و سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا و سەردانەکەی بە سەردانێکی گرنگ لە بەروە و پێشوەچوونی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و وڵاتی تورکیا وەسفکرد و کردنەوەی خاڵی سنووری زێدیشی لە نێوان تورکیا و هەرێمی کوردستانی بە هەنگاوێکی تری بەروەپێشبردنی پەیوەندییەکان لەقەڵەمدا.
هەروەها پیرۆزبایی لە هاوسەرۆکانی شارەوانییەکانی دیاربەکر و شارەکانی تر کرد بەبۆنەی دەرچوونیان لە هەڵبژاردنەکانی وڵاتی تورکیا و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواستن و جەختی لە پێشکەشکردنی ئاسانکاری و هاریکاری وەبەرهێنەرانی وڵاتی تورکیا و پاڵپشتیکردنی هەردوو ژووری بازرگانی دیاربەکر و هەولێر کردەوە.
لە کۆتایشدا، سەبارەت بە گەشتی ڕاستەوخۆی فڕۆکەخانەی هەولێر - دیاربەکر، کە بەم نزیکانە دەست پێدەکاتەوە، پارێزگاری هەولێر خۆشحاڵی خۆی نیشاندا و گوتی: "دووساڵ لە مەوبەر لەگەڵ پارێزگاری دیاربەکر گفتوگۆمان لەوبارەیەوە کرد، ئەمڕۆش بە دەرەنجامەکانی خۆشحاڵین.