پارێزگاری هەولێر، لەگەڵ هاوسەرۆکانى شارەوانى مێردین كۆبووەوە
پارێزگاری هەولێر، لەگەڵ هاوسەرۆکانى شارەوانى مێردین كۆبووەوە
ئەمڕۆ هەینی 2024.5.3، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، بە یاوەری شوان زراری، پەرلەمانتاری پێشووی پارتی و کارزان عەبدولهادی، سەرۆکى شارەوانى هەولێر و هێمن موراد، بەڕێوەبەرى گشتیى کشتوکاڵی هەولێر و شاندى یاوەرى، سەردانی سەرۆکایەتى شارەوانى "مێردین"ـی کرد و لەلایەن هاوسەرۆکانی شارەوانی سیاسەتمەدار و کەسایەتی دیار "ئەحمەد تورک" و خاتوو "دڤەریم دەمیر" و پەرلەمانتاری دەم پارتی "سالحە ئای دینیز" پێشوازی لێکرا.
لە کۆبوونەوەیەکدا، پارێزگارى هەولێر، پیرۆزبایی لە بەڕێزان سیاسەتمەدار و کەسایەتی دیار "ئەحمەد تورک" و خاتوو "دڤەریم دەمیر" بە بۆنەى سەرکەوتنیان لە هەڵبژاردنەکانى ئەم دواییەی شارەوانیەكانی وڵاتی تورکیا و هیوای سەرکەوتنى لە ئەرك و كارەكانیان بۆ خواستن.
لە تەوەرێکى ترى کۆبوونەوەکەدا، پارێزگاری هەولێر، دووپاتى کردەوە، خواستى ئێمە دەستپێکردنەوەى پڕۆسەى ئاشتیە بۆ چارەسەری پرسی کورد لە تورکیا و "سەرۆك بارزانی"یش وەک ئەندازیاری بەڕێوەچوون و سەرکەوتنی پڕۆسەی ئاشتی لە تورکیا، هەمیشە پاڵپشتە و جەخت لە سەر پرۆسەی ئاشتی و بەردەوامبوونی گفتوگۆکان دەکاتەوە، ئێستاش کاتى ئەوەیە پرسى کورد بە ئاشتی و گفتووگۆ و لێکتێگەیشتن لە تورکیا چارەسەر بکرێت، چونکە شەڕ هیچ شتێک چارەسەر ناکات و نابێت هیچ دەرفەتێک بۆ ئاشتى دەست بدرێت، گوتیشی، "حكومەتی هەرێمی كوردستان لە هەوڵەکانی دەسپێکردنەوە پڕۆسەی ئاشتی و سەرخستنى پڕۆسەکە هەرچى پێویست بێت، درێخى لێناکات".
لەلایەن خۆیانەوە، هاوسەرۆکانى شارەوانى مێردین خۆشحاڵى خۆیان بەسەردانى پارێزگارى هەولێر و شاندى یاوەرى نیشاندا و سڵاو و ڕێز و پێزانینی خۆیان لە ڕێگەی پارێزگاری هەولێرەوە بە سەرۆك بارزانی و سەرۆكی هەرێمی كوردستان و سەرۆكی حكومەتى هەرێمی کوردستان گەیاند و هیوایان خواست هەرێمی كوردستان وەك هەمیشە رۆڵی سەرەكی هەبێت بۆ دەستپێكردنەوەی پرۆسەی ئاشتی لە توركیا، جەختیشیان لەوەکردەوە پێویستە حكومەتی توركیا دەستپێشخەر بێت بۆ ئاشتەوایی و دەستپێكردنەوەی بێ مەرجی گفتوگۆکانی پڕۆسەی ئاشتی.
لە کۆتاییشدا لەلایەن پارێزگارى هەولێر، دیارى پارێزگا، پێشکەش بە هاوسەرۆکانى شارەوانى مێردین کرا و لەلایەن هاوسەرۆکانى شارەوانى مێردینیش دیارى سەرۆکایەتى شارەوانى پێشکەش بە پارێزگارى هەولێر کرا.