پارێزگاری هەولێر، سەردانی خانەوادەى نووسەر و ڕۆژنامەنووس و شرۆڤهكارى سیاسى دیاری کورد، خوالێخۆشبوو (عەبدولغەنی عەلی یەحیا بۆتانی) کرد
پارێزگاری هەولێر، سەردانی خانەوادەى نووسەر و ڕۆژنامەنووس و شرۆڤهكارى سیاسى دیاری کورد، خوالێخۆشبوو (عەبدولغەنی عەلی یەحیا بۆتانی) کرد
ئێوارەی سێشەممە 2024.6.11، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، بە یاوەری فەرهەنگ غەفوور، بەڕێوەبەری گشتیی ڕۆشنبیری و هونەری هەولێر، لە ماڵەکەى خۆیان سەردانی خانەوادەى نووسەر و ڕۆژنامەنووس و شرۆڤهكارى سیاسى کۆچکردوو خوالێخۆشبوو (عەبدولغەنی عەلی یەحیا بۆتانی) کرد و لەلایەن خانەوادەکەیان "عەمید زمناکۆ" و خوشک و براکانی پێشوازی لێکرا.
لە سەردانەکەیدا، پارێزگاری هەولێر باسی لە ڕۆڵ و خەبات و نیشتیمانپەروەری و تێكۆشان و كۆڵنەدانی خوالێخۆشبوو (عەبدولغەنی عەلی یەحیا بۆتانى) کرد و ئاماژەى بەوەدا کە ناوبراو لە بواری راگەیاندندا رۆڵێکی دیار و بەرچاووی هەبوو و كەسایەتیەكی ناسراوی بواری رۆژنامەوانی بوو و شرۆڤەكارێكی لێهاتووی بواری سیاسیش بوو و لە رێگەی وتار و نووسینەكانیەوە خزمەتێكی زۆری پێشکەش بە دۆزی ڕەوایی گەلەکەمان و بزاوتی ڕۆشنبیری و كولتووری كوردی كردووە.
جێگەی باسە، خوالێخۆشبوو (عەبدولغەنی عەلی یەحیا بۆتانی) لە ساڵی 1943 لە گوندی "گردەپان" سەر بە قەزای ئاکرێ لە دایکبووە و قۆناغەکانی خوێندنی لە شاری مووسڵ تەواوکردووە و دانیشتووى شارى هەولێر بوو، یەکێ بوو لە نووسەر و ڕۆژنامەنووس و ڕۆشنبیرە سیاسییە دیارەکانى کورد و لە نێو بزاوتى ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندن و رۆژنامەوانیی کوردى و عەرەبیدا ڕۆڵێکى دیار و گەورەى هەبوو.