لە شەقڵاوە.. پەردە لە سەر پەیکەری "دایکە حەلیمە" دایکی چوار شەهید لادرا
لە شەقڵاوە..
پەردە لە سەر پەیکەری "دایکە حەلیمە" دایکی چوار شەهید لادرا
ئەمڕۆ چوارشەممە 2024.6.12، بە ئامادەبوونی سیداد بارزانی، نوێنەری سەرۆک بارزانی و ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و ڕزگار ئەنوەر، بەرپرسى لقى24ى سەفینى پارتى و ئایدن مەعروف، وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان و مەسعود کاڕەش، جێگری پارێزگار و کاروان کەریم خان، قائیمقامى قەزایی شەقڵاوە و ژمارەیەکی دیکە لە فەرماندە و پێشمەرگە و بنەماڵە و کەس و کاری شەهیدان و بەرپرسانى حزبى و حکومى ناوچەکە، لە ڕێورەسمێکدا لە سەنتەری قەزایی شەقڵاوە وەک هێمای خۆشهویستی و بهخشین و قوربانیدان و دڵنهوایی و دڵسۆزیی، پەردە لە سەر پەیکەری "دایکە حەلیمە" دایکى چوار شەهید لادرا.
لە ڕێوەرەسمەکەدا، پارێزگارى هەولێر، لە وتارێکدا، دەستخۆشى لە قائیمقام و سەرپەرشتیار و بەرپرسانى دیکەى قەزاکە کرد بۆ دانانى پەیکەری دایکی چوار شەهید و ناونانى چوارڕێانێک له ناوهڕاستی قەزاکە بە ناوى "دایکە حەلیمە"، هەروەها دەستخۆشى لە هونەرمەند "هادی زیائودینی"کرد بۆ دروستکردنى پەیکەرەکە بە شێوە و شێوازێکى هونەرى سەردەمیانە، کە وەک ڕێزگرتنێک لە ڕۆڵ و خەباتی ئافرەتان لە شۆڕش و بزافی ڕزگاریخوازی کورد و هێمای قوربانیدان و بهخشین و دڵسۆزیی "دایکە حەلیمە" دروستکراوە و ڕایگەیاند: "ئەمڕۆ هەولێر و شەقڵاوە بەشانازییەوە پەیکەری ئەم دایکە شەهیدە لەباوەش دەگرێت".
پاشان لەلایەن نوێنەری سەرۆک بارزانی و پارێزگاری هەولێر و بەشێک لە ئامادەبووانەوە، پەردە لەسەر پەیکەری "دایکە حەلیمە" دایکى چوار شەهید لادرا، ئینجا وتاری بنەماڵەی "دایکە حەلیمە" پێشکەش کرا و سوپاس و پێزانینی پارێزگای هەولێر پێشکەش بە هونەرمەند "هادی زیائودینی" کرا.
جێگەى باسە، "دایکە حەلیمە" دایکی چوار کوڕى شەهیدی کوردستانە کە له ڕشبگیرى بەرەبەیانى 1986.10.16 دواى خوپیشاندانێكی جهماوهری له شهقڵاوه دژ به جهور و ستهمكاریی ڕژێمی بهعس، لەلایەن دهزگا داپلوسێنهرهكانى ئەو ڕژێمە دەستگیرکران و له گۆڕستانی كارگهی قیری ههولێر لەگەڵ 18 هاوڵاتى دیکەى سڤیل گولە باران کران و له 1991.9.16 لەلایەن بهرهی كوردستانی، ئێسك و پڕوسكی پیرۆزی ههموو ئهو قوربانی و تیكۆشهرانه، گەڕێندرایەوە شهقڵاوه و لهوێ له گۆڕستانی زهیتوون بە خاکسپێردران.