هەولێر ... ساڵیادی کۆچی دوایی هونەرمەندی میللی دیاری شاری هەولێر "خدر خۆشناو" بەرز ڕاگیرا

هەولێر ... ساڵیادی کۆچی دوایی هونەرمەندی میللی دیاری شاری هەولێر

هەولێر ...
ساڵیادی کۆچی دوایی هونەرمەندی میللی دیاری شاری هەولێر "خدر خۆشناو" بەرز ڕاگیرا

ئێوارەى سێشەممە 2024.8.27، لەژێر چاودێری ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر و بە ئامادەبوونی، شوان شێخ ئەحمەد، ئەندامی پێشووی پەرلەمان و فەرهەنگ غەفوور، بەڕێوەبەری گشتی ڕۆشنبیری و هونەری هەولێر و هیوا سوعاد، سەرۆکی لقی هەولێری سەندیکای هونەرمەندانی کوردستان و ژمارەیەکى دیکە لە نووسەر و هونەرمەند و ئەدیب و شاعیر و ڕۆژنامەنووس و هاوڕێ و هەڤاڵ و کەس و کار و خانەوادەکەى، پارێزگای هەولێر، ساڵیادی کۆچی دوایی هونەرمەندی میللی دیاری شاری هەولێر "خدر خۆشناو"ی بە کردنەوەی پێشانگایەکی فۆتۆگرافی بۆ وێنەکانی، کە لەلایەن فۆتۆگرافەر مەحمود هەولێرى ئامادەکرابوو و دانانی تاجە گوڵینەی ڕێز و وەفا لەسەر ئارامگەی لە گۆڕستانی شێخ ئەحمەد، بەرز ڕاگرت.

لە ڕێورەسمەکەدا، دوای کردنەوەی پیشانگاکە و دانانی تاجەگوڵینەی ڕێز و وەفا لەسەر ئارمگەی هونەرمەند، پارێزگاری هەولێر، وێڕای دووبارە سەرخۆشی لە خانەوادە و کەس و کار و هاوڕێ و هەڤاڵانی، باسی لە ڕۆڵی هونەرمەندی کۆچ کردوو کرد لە خزمەتکردنی بە هونەر و شاری هەولێر، مێژوو و کارە هونەرییەکانی بەرز نرخاند و ئاماژەی بەوەدا، خدر خۆشناو، ڕاستە کۆچی دوایی کردووە، بەڵام هەمیشە وەک شانازییەک بۆ شاری هەولێر دەمێنێتەوە.

جێگەی باسە، هونەرمەندی میللیی دیاری شاری هەولێر خدر خۆشناو، لە 27-8ی ساڵی 2020 بەهۆی تووشبوونی بە پەتای کۆرۆنا، گیانی لەدەست دا.