گوندی قازیخانە... بە سەرپەرشتی پارێزگاری هەولێر، کۆبوونەوەیەکی فراوان لەگەڵ دانیشتوانی بەشێک لە گوندەکانی سنووری قەزایی قوشتەپە ئەنجامدرا
گوندی قازیخانە...
بە سەرپەرشتی پارێزگاری هەولێر، کۆبوونەوەیەکی فراوان لەگەڵ دانیشتوانی بەشێک لە گوندەکانی سنووری قەزایی قوشتەپە ئەنجامدرا
دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە 31ـی ئابــی 2024، بە سەرپەرشتی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و بە ئامادەبوونی چیا هەرکی، جێگری بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای هەولێری پارتی و سەنگەر کانەبی، بەرپرسی لقی23ی قەرەچووغی پارتی و د.هێمن میرانی، بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ناوخۆ و مەسعود کاڕەش، جێگری پارێزگار و قائیمقامی قەزایی قوشتەپە و بەڕێوەبەرانی گشتیی ڕێگا و بان و کشتوکاڵ و شارەوانییەکان و تەندروستیی و بەرپرس و کارگێڕانی ناوچەی قوشتەپەی پارتی، لە مزگەوتی گوندی قازیخانە، کۆبوونەوەیەکی فراوانی جەماوەری لەگەڵ دانیشتوانی گوندەکانی (قازیخانە - قولتەپە رەشید - قولتەپە یابە - سۆربەش - بیرەعارەبان - قورشاغلو - دۆلەزە ناوەند - دۆلەزەی گەورە - دۆلەزەی گردی - دوکەلە ) ئەنجامدرا.
لە کۆبوونەوەکەدا، پارێزگاری هەولێر، لە وتارێکدا، باسى لە گرینگی دەڤەرەکە و مێژووی سنووری قوشتەپە کرد، کە خاوەنی مێژوویەکی دێرینە لە قوربانی دان و خەبات و تێکۆشان و گوتی، " لەو ڕوانگەیەوە لە سەر فەرمان و ڕاسپاردەی ڕێزدار مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە پێناو خزمەتکردنی زیاتری هاوڵاتییانی دەڤەرەکە بڕیاری بە قەزابوونی قوشتەپە درا ".
ڕاشیگەیاند: " لە پێناو خزمەتکردنی ئەو دەڤەرەش هەرچی لەتوانا دابێت درێغی ناکەین، لە ماوەی ساڵانی ڕابردووشدا ژمارەیەکی زۆر پڕۆژەی خزمەتگوزاریی لە ناوچەکە ئەنجامدراون، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هێشتا ناوچەکە پێویستی بە ئاوڕلێدانەوە و خزمەتکردن و گەیاندنی پرۆژەی خزمەتگوزاریی و دەستی ئاوەدانی زیاترە".
گوتیشی: " ئەم ناوچەیە تایبەتمەندی خۆی هەیە لای ئێمە و لەو سنوورە ئەوپەڕی ئاسانکاری دەکەین بۆ خزمەتکردنی خەڵک".
دووپاتیشی کردەوە : "دەمانەوێت دڵنیایی بدەینە هاوڵاتییانی ئەو سنوورە و سەرجەم دانیشتوانی سنووری پارێزگاکەمان، ئامانجی ئێمە لە چوارچێوەی بەرنامەی کاری کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان و لە سەر ڕاساردەی جەنابی سەرۆکوەزیران ڕێزدار مەسرور بارزانی، خزمەتکردن و گەیاندنی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکانە، بەتایبەتی ئەو شوێنانەی کە کەمترین دەستی خزمەتکردنیان پێگەیشتووە".
لەبەشێکی تری وتارەکەیدا گوتی، "لەکۆتایی ساڵی 2013 دوای ئەو هەموو پیلان و پیلانگێڕییەی کە دژ بە هەرێمی کوردستان ئەنجامدرا، هەرێمی کوردستان کە بە خوێن و خەباتی هەزاران شەهید هاتۆتە بەرهەم بە بەهێزی مایەوە، بە دڵنیاییەوە تاوەکو سەرۆک و سەرکردەمان جەنابی ( سەرۆک بارزانی)بێت، ئەم قەوارە دەستورییە هەر بە بەهێزی و ئاوەدانی دەمێنێتەوە".
گوتیشی: "نیاز و ئامانجی ئێمە ئەوەیە خزمەتی زیاتری ئێوەی بەڕێز و خۆشەویستی شاری هەولێر بکەین".
لە کۆتایشدا، دوای خستنە ڕووی داوا و داخوازی هاوڵاتییانی گوندەکان لەلایەن ئامادەبووانەوە، سوپاسی پارێزگاری هەولێر و شاندی یاوەریان کرد بۆ سەردانەکەی و خزمەتکردنی زیاتر دەڤەرەکە و هاوڵاتییانی.