گوندی برایمەلەک... کۆبونەوەیەک لەگەڵ دانیشتوانی ژمارەیەک گوندی سنووری قەزایی قوشتەپە بەڕێوەچوو
گوندی برایمەلەک...
کۆبونەوەیەک لەگەڵ دانیشتوانی ژمارەیەک گوندی سنووری قەزایی قوشتەپە بەڕێوەچوو
ئەمڕۆ شەممە 31ـی ئـابـی 2024، بە سەرپەرشتی د.پشتیوان سادق، بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای هەولێری پارتی و ئومێد خۆشناو پارێزگایی هەولێر و بەئامادەبوونی چیا هەرکی، جێگری بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی هەولێری پارتی و سەنگەر کانەبی، بەرپرسی لقی23ی قەرەچووغی پارتی و د.هێمن میرانی، بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ناوخۆ و مەسعود کاڕەش، جێگری پارێزگار و بژار مەلا خدر، قائیمقامی قەزایی قوشتەپە و بەڕێوەبەرانی گشتیی ڕێگا و بان و کشتوکاڵ و شارەوانییەکان و تەندروستیی و بەرپرس و کارگێڕانی ناوچەی قوشتەپەی پارتی، کۆبوونەوەیەکی فراوانی جەماوەری لە مزگەوتی گوندی برایمەلەک لەگەڵ ژمارەیەک لەمامۆستایانی ئاینی و دانیشتوانی گوندەکانی( برایمەلەک - مێرخوزار - پلینگە - قوچەبلباس - گۆسکە - سێ بیران عەدۆ - گوندی قوشتەپە - عەلیاوە مەردان - مورتکەی بچوک - دووگرکان - قۆپەقران ) ئەنجامدرا.
لە سەرەتایی کۆبونەوەکەدا، بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای هەولێری پارتی، رایگەیاند: "هەرێمی کوردستان بە خوێن و خەباتی هەزاران شەهید هاتۆتە بەرهەم، بە دڵنیاییەوە تاوەکو سەرۆک و سەرکردەمان جەنابی ( سەرۆک بارزانی)بێت، ئەوە ئەم قەوارە دەستورییە هەر بە بەهێزی و ئاوەدانی دەمێنێتەوە و ئاسۆی داهاتوومان زۆر گەش و رووناکە".
لە بەشێکی تری وتارەکەیدا، ئاماژەی بەوەکرد، حکومەتی هەرێمی کوردستان گرنگیەکی زۆری بە توێژی لاوان و گەنجان داوە، تاوەکو سوود لە بەهرە و تواناکانیان وەربگرێت، بۆیە پێویستە هەمووان ڕێز لە بەها باڵاکانی نیشتمان بگرین و هەموو توانایەکمان بۆ خزمەتکردنی خاک و ووڵات بێت".
پاشان پارێزگاری هەولێر، تیشکی خستەسەر پڕۆژە خزمەتگوزارییەکانی دەڤەرکە و جەختی لەوەکردەوە، ئەوەی لە توانای حکومەتی هەرێمی کوردستان دابێت، بۆ خزمەتکردنی دەڤەرەکە، دڵنییابن درێغی لێ ناکرێت، خەڵکی ئەم ناوچەیە شایستەی ئەوەن باشترین خزمەتگوزارییان پێشکەش بکرێت.
گوتیشی: " ئەم ناوچەیە تایبەتمەندی خۆی هەیە لای ئێمە و لەو سنوورە ئەوپەڕی ئاسانکاری دەکەین بۆ خزمەتکردنی خەڵکی، کە قوربانییەکی زۆریانداوه".
لە کۆتایدا، دوای خستنە ڕووی داوا و داخوازی هاوڵاتییانی گوندەکان لەلایەن ئامادەبووانەوە، سوپاسی بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای هەولێری پارتی و پارێزگاری هەولێر و شاندی یاوەریان کرد بۆ سەردانەکەیان و خزمەتکردنی زیاتر دەڤەرەکە و هاوڵاتییانی.