لە ژێرچاودێرى پارێزگارى هەولێر .. گەلەری هونەر کرایەوە و خەڵاتی ڕێزلێنان پێشکەش بە سێ هونەرمەندی بە ئەزموون کرا

لە ژێرچاودێرى پارێزگارى هەولێر .. گەلەری هونەر کرایەوە و خەڵاتی ڕێزلێنان پێشکەش بە سێ هونەرمەندی بە ئەزموون کرا

لە ژێرچاودێرى پارێزگارى هەولێر ..
گەلەری هونەر کرایەوە و خەڵاتی ڕێزلێنان پێشکەش بە سێ هونەرمەندی بە ئەزموون کرا

ئەمشەو دووشەممە 2024.9.2، لە ژێرچاودێرى ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و بە ئامادەبوونى ئاریان صلاح الدين، بریکاری وەزارەتی ڕۆشنبیری و هیوا سوعاد، سەرۆکى لقى هەولێرى سەندیکاى هونەرمەندانى کوردستان و ژمارەیەکى تر لە هونەرمەندان و هونەردۆستان، لە بارەگاى لقى هەولێرى سەندیکا، لە مەراسیمێکدا گەلەری هونەرى سەندیکا، کە لەلایەن سەندیکای هونەرمەندان بە هاوکاری پارێزگاى هەولێر بە شێوازێکی مۆدێرن و سەردەمیانە نۆژەنکراوەتەوە لەگەڵ پیشانگایەکى هونەرى شێوەکارى بۆ هونەرمەندان ( نەزیر خەیلانی و نزار محمود و حەمید جەمال ) کرایەوە.

دواى کردنەوەى گەلەرییەکە و بەسەرکردنەوەى تابلۆکانى پیشانگاکە، پارێزگارى هەولێر، لە وتارێکدا پیرۆزبایی لە هونەرمەندان کرد سەبارەت بە نۆژەنکردنەوەی گەلەری سەندیکا و ئومێدی خواست هەموو هونەرمەندانی کوردستان سوودی لێ وەربگرن، هەروەها دەستخۆشی لە سەرۆکی لقی هەولێر و ستافی سەندیکای هونەرمەندان کرد و پاڵپشتی و هاوکاری پارێزگای هەولێری بۆ سەرخستنی کارەکانیان دووپاتکردەوە.

لە بەشێکی تری وتارەکەیدا، تیشکی خستەسەر ڕۆڵی کاریگەری هونەرمەندان، نەزیر خەیلانی و نزار محمود و حەمید جەمال و ڕۆڵی مێژوویی و کاریگەریانی لە خزمەتکردنی هونەری کوردی و شاری هەولێر بەرز نرخاند و جەختی لەوەکردەوە ڕێورەسمی ڕێزگرتن لە کەسایەتی و ئەو هونەرمەندانەی کە لەژیانداماون، لامان بۆتە نەریت و بەردەوام دەبێت.

پاشان لەلایەن پارێزگارى هەولێر و بریکاری وەزارەتی ڕۆشنبیری، لەبەرامبەر هەوڵ و ماندووبوون و خزمەتی و ئەزموون و بەخششیان، خەڵاتی ڕێزلێنان و چەپکە گوڵی ڕێز و وەفا پێشکەش بە هونەرمەندان (نەزیر محمود خەیلانی و نزار محمود عوسمان و حەمید جەمال ئەحمەد) کرا.