بە ئامادەبوونی سەرۆکی حکومەتی هەرێم، ڕێورەسمی ڕاگەیاندنی یەکەمین ڕاپۆرتی ستراتیجیی ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی لە کەرتی گشتیی بەڕێوەچوو

بە ئامادەبوونی سەرۆکی حکومەتی هەرێم، ڕێورەسمی ڕاگەیاندنی یەکەمین ڕاپۆرتی ستراتیجیی ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی لە کەرتی گشتیی بەڕێوەچوو

بە ئامادەبوونی سەرۆکی حکومەتی هەرێم، ڕێورەسمی ڕاگەیاندنی یەکەمین ڕاپۆرتی ستراتیجیی ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی لە کەرتی گشتیی بەڕێوەچوو

ئەمڕۆ چوارشەممە 2024.9.4، بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ڕێورەسمی ڕاگەیاندنی یەکەمین ڕاپۆرتی ستراتیژی ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی لە کەرتی گشتیی کە لەلایەن دەستەی دەستپاکی هەرێمی کوردستان ئامادەکراوە بەڕێوەچوو.

لە ڕێورەسمەکەدا کە ئەحمەد ئەنوەر سەرۆکی دەستەی دەستپاکی هەرێمی کوردستان و حەیدەر حەننون سەرۆکی دەستەی نەزاهەی عێراق و ژمارەیەک لە باڵیۆز و دیپلوماتکاران و نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان ئامادەی بوون ، سەرۆکی حکومەت گوتارێکی پێشکەش کرد و تێیدا ئاماژەی دا کە بەشێکی زۆری ئەو داواکاری و ڕاسپاردانەی لەم ڕاپۆرتەدا بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی ئاماژەیان پێدراوە ، کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان هەر لەسەرەتای دەستبەکاربوونییەوە، کاری لە سەر کردوون و پلان و کارنامەی بۆ جێبەجێکردنیان داناوە.

ئەمەش دەقی گوتاری سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانە :

بە ناوی خوای گەورە و میهرەبان

بەڕێزان، بەیانیتان باش، زۆر بەخێر بێن
بەخێرهاتنێكی تایبەتی سەرۆكی ئەنجوومەنی دادوەری لە هەرێمی كوردستان دەكەم، هەروەها بەخێرهاتنێكی گەرمی مێوانانی بەڕێز لە بەغدا، سەرۆكی دەستەی دەستپاكی لە حكوومەتی فیدڕاڵ، هەروەها جێگری سەرۆكی چاودێریی دارایی لە حكوومەتی فیدڕاڵ دەكەم، بەخێرهاتنی هەموو ئەو بەڕێزانەی چ لە كوردستان و چ لە دەرەوەی كوردستان هاتوون، هەروەها بەخێرهاتنی بەڕێز باڵوێزی یەكێتیی ئەورووپاش دەكەم. زۆر زۆر بەخێر بێن، زۆر خۆشحاڵم كە لەم بۆنەیە لەگەڵ ئێوە بەشدارم.

دەستخۆشی لە دەستەی دەستپاکی هەرێمی کوردستان دەکەم بۆ ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە لەبارەی جێبەجێکردنی ستراتیژی ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی لە دامەزراوە فەرمییەکانی هەرێمی کوردستان.

بێگومان ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و سنووردانان بۆ بەهەدەردانی سامانی گشتیی ، بەشێکی گرنگی کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بووە . بۆیە کاری جیددیمان کردووە و ڕێکاری پێویستمان گرتەبەر لە پێناو پەرەپێدانی شەفافیەت و ڕووبەڕوبونەوەی گەندەڵی. لەم ڕووەوە هەماهەنگیی و پەیوەندییەکی باشمان لە گەڵ دەستەی دەستپاکی هەرێمی کوردستان وەک دامەزراوەیەکی سەربەخۆ هەیە.

ئەم ڕاپۆرتەش بە هاوکاری و هەماهەنگیی تەواو لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان ئامادە کراوە و لە مانگی ئەیلوولی ساڵی 2021، ئەنجومەنی وەزیران ستراتیژی ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی پەسەند کرد و هەڵوێستی خۆی دووپات کردەوە لە بەردەوامبوون لە ڕێکارەکانی پەرەپێدانی شەفافیەت و لێپرسینەوە و ڕووبەڕوبونەوەی گەندەڵی و لە هەمان کاتدا وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەکانيش ڕاسپێردران بۆ بەدوادچوونی جێبەجێکردنی ڕاسپاردە و پێشنیارەکانی ئەم ڕاپۆرتە کە لەمانگی سێی ئەمساڵدا، لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانەوە لە لایەن بەڕێز سەرۆکی دەستەی دەستپاکییەوە خرایە ڕوو.

جێی خۆشحاڵییە کە بەشێکی زۆری ئەو داواکاری و ڕاسپاردانەی لەم ڕاپۆرتەدا بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی ئاماژەیان پێدراوە، کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان هەر لەسەرەتای دەستبەکاربوونییەوە، کاری لە سەر کردوون و پلان و کارنامەی بۆ جێبەجێکردنیان داناوە، لەوانە:

* بەدیجیتەڵکردنی کاروبارەکانی حکومەت و بنیاتنانی ژێرخانێکی بەهێزی دیجیتاڵی و هەنگاونان بەرەو حکومەتی ئەلیکترۆنی.
پرۆسەی بەدیجیتاڵکردنی خزمەتگوزارییەکان و کاروبارەکانی حکومەت بەردەوامە و بەشێکی گرنگە لە چاکسازییەکانی حکومەت کە بێگومان ڕۆڵێکی کاریگەر دەبینێت لە برەودان بە ڕوونی و شەفافیەت و نەهێشتنی بیرۆکراسی و سنووردانان بۆ گەندەڵی و بەهەدەردانی سامانی گشتی.

تەوەرێکی دیکەی کارکردنمان بە ئاراستەی ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی، * چاکسازیکردنە لە سیستەمی بانکی و بەستنەوەی دامەزاراوەکانی حکومەت و کەرتی تایبەت بە سیستەمێکی پێشکەوتوو و هاوچەرخی بانکی.

هەبوونی سیستەمێکی پێشکەوتوو و چالاکی بانکی، جگە لەوەی یەکێکە لە پێداویستییە سەرەکییەکانی ژیانی ڕۆژانەی خەڵک. فاکتەرێکی گرنگی پەرەپێدانی ئابوورییە و ژینگەیەكی لەباریشە بۆ گەشەی ئابووری و بازرگانی و یارمەتیدەریشە بۆ کەمکردنەوە و سنووردارکردنی گەندەڵی.

هەروەها حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە چوارچێوەی بەرنامە چاکسازییەکانی بۆ پەرەپێدانی شەفافیەت و دادپەروەری و ڕێگەگرتن لە بەفیڕۆدانی سامانی گشتی، * کاری لەسەر هەموارکردنەوە و پێشکەشکردنی چەند پڕۆژە یاسایەکیش کردووە کە دیارترینیان یاسای چاکسازی لە مووچە و دەرماڵە و بەخشین و ئیمتیازاتەکان و خانەنشینی بووە لە هەرێمی کوردستان کە لە ساڵی 2020 ڕەوانەی پەرلەمانی کوردستان کرا و پەسەند کرا.
هەروەها لە چەند ساڵی ڕابردوو، لێکۆڵینەوە و لێپێچینەوە لە چەندین کەیسی تایبەت بە گەندەڵیش کراون و ڕەوانەی دادگاکانی هەرێمی کوردستان کراون.

ئامادەبووانی بەڕێز :
ئێمە خواست و ئیرادەیەکی بەهێزمان بۆ ڕووبەڕووبوونەوە و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی هەیە، بەڵام ئەمە تەنیا ئەرکی حکوومەت و دادگاکان نییە، بەڵکوو پێویستی بە هەماهەنگیی و هاریکاری و پشتیوانیی گشت هاووڵاتییان و هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگە و زانکۆ و دامەزراوەکانی پەروەردە و مامۆستایانی ئایینی و دەزگاکانی ڕاگەیاندن هەیە کە دەتوانن ڕۆڵێکی گرنگ و کاریگەر لە هوشیارکردنەوەی کۆمەڵگە و ڕوونکردنەوەی مەترسییەکانی گەندەڵی بگێڕن. لە هەمان کاتدا پێویستە کار لەسەر پەرەپێدان و بڵاوکردنەوەی کولتووری دەستپاکی و ڕاستگۆیی و دڵسۆزیی بکەین.

هەرچەندە بەشێک لە گرفتەکانی ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و بەرنامەی چاکسازی، دەست تێوەردان و ڕۆڵی لایەنە سیاسییەکان بووە کە نەک هاوکار نەبوون، بەڵکوو هەندێک لایەن دژایەتی سیستەماتیکی هەوڵەکانی حکومەتەیان کردووە. بەڵام من لێرەدا هاووڵاتییانی خۆشەویستی کوردستان دڵنیا دەکەمەوە، کە سەرەڕای هەموو کێشە و ئاستەنگ و قەیرانەکان، ئێمە بە گوڕ و تین و ئیرادەیەکی زۆر بەهێزەوە، بەردەوام دەبین لە سەر درێژەدان بە کارنامەی چاکسازی و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و نەهێشتن و ڕێگریکردن لە بەهەدەردانی سامانی گشتی.

جارێکی دیکەش دەستخۆشی لە دەستەی دەستپاکی دەکەم بۆ ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە و هەموو پشتیوانییەکی حکومەتی هەرێمی کوردستانیان بۆ دووپات دەکەمەوە لە پێناو سنووردارکردن و بنبڕکردنی پەتای کوشندەی گەندەڵی لە هەرێمی کوردستان .

هەر شاد و سەرکەوتوو بن.