هەولێر ... بەڕێوەچوونى کۆنفرانسی وەبەرهێنانی ئابووری ساڵانەی پارێزگای میسان

هەولێر ... بەڕێوەچوونى کۆنفرانسی وەبەرهێنانی ئابووری ساڵانەی پارێزگای میسان

هەولێر ...
بەڕێوەچوونى کۆنفرانسی وەبەرهێنانی ئابووری ساڵانەی پارێزگای میسان

ئەمڕۆ شەممە 2024.12.7، بە ئامادەبوونى ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر و حەبیب زاهر، پارێزگاری میسان و ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگاکە و بەڕێوەبەری گشتیی وەبەرهێنانی هەولێر و سەرۆک و ئەندامانی ژووری بازرگانی و ژمارەیەکى تر لە کەسایەتی و پیاوانى کار و نوێنەری کۆمپانیا بازرگانیەکانیەکان و وەبەرهێنەرانی هەولێر و میسان، بە مەبەستی ئاڵوگۆڕ و هەماهەنگی و پەرەپێدانی سەرمایەگوزاریی و سوود وەرگرتن لە ئەزموونی یەکتر، لە هەولێرى پایتەخت، کۆنفرانسی "وەبەرهێنانی ئابووری ساڵانە" لە لایەن دەستەی وەبەرهێنانی پارێزگای میسان بەڕێوەچوو.

لەوتارێکدا، پارێزگاری هەولێر وێڕای بەخێرهێنانی پارێزگاری میسان و شاندی یاوەری بۆ شاری هەولێر، ئومێدی خواست ئەو دیدار و کۆنفرانسە ببێتە دەرفەتێک بۆ زیاتر بەروپێشبردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو شاری هەولێر و میسان و وەبەرهێنەران و گەشەپێدان و ئاوەدانکردنەوەی زیاتر.

گوتیشی: "هەولێری پایتەخت وەک دەروازەیەک بۆ وەبەرهێنان، کە لە 60%ـی وەبەرهێنان لە شارەکەمانە، ئومێد دەکەین ئەو گفتوگۆیانە لەو کۆنفرانسە دەکرێت، هەنگاوێکی دیکەی دەرفەت ڕەخساندنی کار بێت بۆ وەبەرهێنەرانی هەولێر تاکو وەبەرهێنان لە شاری میسان بکەن".

ڕاشیگەیاند: " بێگومان ئەگەر ئەو زوڵم و ستەمی حکومەتی عێراقی نەبووایە لە بڕینی بوودجە و مووچەی هەرێمی کوردستان، ئەوا ئەو پێشکەوتن و ئاوەدانیەی ئەمڕۆ لە هەولێری پایتەخت و هەرێمی کوردستان دەیبینن زۆر زیاتر دەبوو، ئەمڕۆش بەهۆی ئەو کێشە و گرفتانەی هەیە، هەمدیس کاریگەری کردۆتە سەر بار و دۆخی ئابووری و کار و کەسابەتی هاوڵاتییان و وەبەرهێنان لە هەموو شارەکانی عێراق، ئومێد دەکەین حکومەتی ئێستای عێراق ئاوڕدەرەوەی خواستەکانی گەلانی عێراق بێت بە گشت پێکهاتەکانیەوە، کە زەحمەتی و ناخۆشی و قوربانی زۆریان داوە، ئەو ناسەقامیرییە ئابووری و ئاسایشیەی کە هەیە نەمێنێت، تاوەکو گەلانی عێراق بگەنە قۆناغێکی دیکەی ئارامی و ئاوەدانی و خۆشگوزەرانی".

جێگەی باسە، ئامانج لەو کۆنفرانسە، گفتوگۆکردن و لێکتێگەیشتنە لە نێوان بەرپرسان و پیاوانى کار و کۆمپانیاکانی هەولێر و میسان بۆ وەبەرهێنان لە تەواوى سێکتەرەکان و ڕاکێشانى زۆرترین وەبەرهێنەری هەولێر و هەرێمی کوردستان بۆ پارێزگای میسان.