له سنووری پارێزگای ههولێر ئەو رێگایانەی بەهۆی بارینی بەفرەوە گیراون پاكدەكرێنەوە
بەهۆی بارینی بەفرەوە، بەشێكی رێگاكانی هاتووچۆ لەنێوان پارێزگاكان و شەقامە سەرەكییەكانی نێوان گوند و دەڤەرەكانی هەرێمی كوردستان داخراون، بۆ ئەم مەبەستەش بەڕێوەبەرایەتییەكانی پاككردنەوەی رێگاوبان بە پاككردنەوەی رێگاكان هەستاون و لە كارەكانیان بەردەوامن.
مەریوان مەلا حەسەن، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندن لە وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردن، بە پێگەی فەرمیی حكومەتی هەرێمی كوردستانی راگەیاند، تیمەکانی بەڕێوەبەرایەتیی چاککردنەوە و پاراستنی رێگاوبانی پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان، بۆ پاككردنەوە و راماڵینی ئەو بەفرەی رێگای هاتووچۆی ئوتومبێل و هاووڵاتیانی گرتووە، لە ئامادەباشیدان.
ئاماژەی بەوەشدا، لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، تیمەكان لە پاككردنەوەی سەرجەم شوێنەكانی سنووری ئەم ئیدارەیە وەك رێگاكانی چۆمان - حاجی ئۆمەران، شیروان - سێلكی، رێگای زینووی وەرتێ و سۆران – سیدەكان بەردەوامن.