بەبۆنەى ڕۆژى ژینگەى هەولێر.. لەسەر ڕووبەرى 36 هەزار مەتر دووجا 1500 دار دەچێنرێت
بەبۆنەى ڕۆژى ژینگەى هەولێر..
لەسەر ڕووبەرى 36 هەزار مەتر دووجا 1500 دار دەچێنرێت
ئەمرۆ چوارشەممە 2025.2.26، بەبۆنەى ڕۆژى ژینگەى هەولێر و لە چوارچێوەى هەوڵەکانى زیادکردنى ڕێژەى سەوزایی و جوانترکردنى شەقامەکانى سەنتەرى شار، لە ژێرچاودێرى ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر و بە ئامادەبوونى هێمن سەید موراد، بەرێوەبەرى گشتیى کشتوکاڵى هەولێر و کارزان هادى، سەرۆکى شارەوانى هەولێر و دلشاد هیرانى، بەڕێوەبەرى فەرمانگەى ژینگەى هەولێر و بەڕێوەبەرانى پارک و باخچەکان و ژینگە پارێزى و پارکى سامى عەبدولڕەحمان و ژمارەیەکى دیکە لە بەرپرسانى یەکەى ئیدارى و ئەندازیاران و ژینگە دۆستان، فەرمانگەى ژینگەى هەولێر بە هەماهەنگى سەرۆکایەتى شارەوانى هەولێر، دەستیکرد بە هەڵمەتى چاندنى ( 1500 ) دار لەسەر ڕووبەرى ( 36 هەزار مەتر دووجا ) و دروستکردنى حەوزێکى گەورەى ئاو بۆ گڵدانەوە و ئاودانى دارەکان، لە سەر شەقامى خەدەمى ( 120 ) مەترى خێرا لە نزیک گەڕەکى ڕاستى شارى هەولێر.
لە هەڵمەتەکەدا، کە ئەمڕۆ وەک قۆنانى یەکەم دەستکرا بە چاندنى 200 دار و لە ڕۆژانى داهاتووشدا قۆناغەکانى دیکەى دەست پێدەکات، پارێزگارى هەولێر لە وتارێکدا، وێڕاى دەستخۆشى لە فەرمانگەى ژینگەى هەولێر و سەرۆکایەتى شارەوانى هەولێر و کرێکاران و سەرپەرشتیارانى هەڵمەتەکە، ڕایگەیاند، بە پێویستى دەزانین ئەمڕۆ لەم بۆنەیەدا و بەبۆنەى خانەنشین بوونى، یادى بەڕێز مامۆستا عەبدولڕەحمان سدیق، وەک سەرۆکى فەرمانگەى چاککردن و پاراستنى ژینگەیی هەرێمى کوردستان و ڕۆڵى بەڕێزیان وەک ژینگە پارێز و کەسایەتیەکى دیارى ژینگە دۆست بەرز بنرخێنین.
پاشان تیشکیان خستەسەر ئەو پڕۆژە و کار و هەوڵانەى لە پێناو پاراستنى ژینگەى شارى هەولێر لەلایەن پارێزگاى هەولێر و لایەنە پەیوەندیدارەکانى دیکەى پەیوەست بەوپرسە لە سەر فەرمان و ڕاسپاردەى ڕێزدار مەسرور بارزانى، سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان ئەنجامدراوە، لەوبارەیەشەوە گوتى، هەمیشە جەنابى سەرۆکى حکومەت ڕایسپاردووین چی پێویست بێت بۆ پاراستن و چاککردنى ژینگە شارەکەمان ئەنجامى بدەین و دەستکراوەى کردووین بۆ ئیجرائات وەرگرتن لەگەڵ سەرپێچى کاران، گوتیشى، "پاراستنى ژینگە لاى ئێمە لەسەرووى هەموو شتێکەوە".
دواتر ئاماژەى بە هەنگاوەکانى زیادکردنى ڕێژەى سەوزایی لە شارى هەولێردا و ئاشکراى کرد، هەوڵەکان بۆ ئەوبابەتەش بەردەوامە و بۆ ئەو مەبەستەش لە ماوەى ڕابردوودا بەردەوام هەڵمەتى جۆرا و جۆر لە شوێنە گشتییەکان و گەڕەکانى شارى هەولێر ئەنجامدراوە و لە ئێستادا دەتوانین بڵێین ڕێژەى سەوزایی لە شارەکەمان بەرەپێشچوونى باشى بەخۆیەوە بینیوە.
لە بارەى ئەو هەڵمەتەى ئەوڕۆش، جەختی لەوە کردەوە کە ئەنجامدانى ئەو هەڵمەتانە بەتەنها ئەرکى حکومەت نییە و پێویستە هاوڵاتییانیش هاوکار و بەشداربن بۆئەوە بە هەموولایەک بتوانین رێژهی سهوزایی لە شارەکەمان بهرزببێتهوه و بەهەموو لایەکمانەوە ژینگەى شارەکەمان ببپارێزین.
پاشان لەلایەن پارێزگارى هەولێر و ئامادەبووان، دەست بە چاندنى 200 دار وەک قۆناغى یەکەم و کرا و لە ڕۆژانى داهاتووشدا قۆناغەکانى دیکەى بەردەوامیان دەبێت.
جێگەى باسە، جێگەى باسە، رێژەی سەوزایی بەپێی ستانداردی جیهانی، بۆ هەر شار و گوندێک یان هەر شوێنێک کە مرۆڤ تێیدا بژیت دەبێت زیاتر لە 18% بێت، پاراستن و سەوزترکردنی ژینگە و بەرزکردنەوە و گهشهپێدانی رێژهی سهوزاییش، جگه له جوانكاری بۆ ناو شار و شارۆچكهكان، كاریگهری لهسهر تهندروستیى هاوڵاتییان ههیه، لەوپێناوەشدا، پارێزگاى هەولێر هەوڵەکانى لە ڕێگەى ئەنجامدانى هەڵمەتى بەردەوام خستۆتەگەڕ بۆ سەرسەوزترکردنی ژینگە و بەرزکردنەوەى ڕێژەى سەوزایی لە شار و شارۆچکەکانى سنوورى پارێزگا بۆ سەر ڕێژەى ستانداردى جیهانى.