لە هەولێر.. پەردە لەسەر پەیکەری هونەرمەندى گەورەى کورد کۆچکردوو ( فوئاد ئەحمەد ) لادرا

لە هەولێر.. پەردە لەسەر پەیکەری هونەرمەندى گەورەى کورد کۆچکردوو ( فوئاد ئەحمەد ) لادرا

لە هەولێر..
پەردە لەسەر پەیکەری هونەرمەندى گەورەى کورد کۆچکردوو ( فوئاد ئەحمەد ) لادرا

ئێوارەى ئەمڕۆ چوارشەممە 2025.2.26، بە ئامادەبوونى ڕێزدار سیداد بارزانى، نوێنەرى سەرۆک بارزانى و زەعیم عەلی و پشتیوان سادق، ئەندامانی مەکتەبی سیاسی پارتی و ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و ئاری نانەکەلی، بەرپرسی لقی16ی پارتی و هونەرمەندان و هونەردۆست و نووسەر و ئەدیب و شاعیر و ڕۆشنبیر و هاوڕێیانی، لە "فلکەى سافى" نزیک زانکۆى کوردستان لە هەولێرى پایتەخت، لە مەراسیمێکدا وەک ڕێز و وەفا بەرامبەر مێژووى کارە هونەرییەکانى بە دروشمى ( ئێمە کوردین نابەزین ) پەردە لە سەر پەیکەری هونەرمەندى گەورەى کورد و گۆرانى بێژى دیاری کوردستان و هەولێر کۆچکردوو ( فوئاد ئەحمەد ) لادرا، کە لەلایەن پارێزگاى هەولێر، بە هەماهەنگى کۆمەڵەى هونەر و وێژەیی کوردى مەڵبەندى گشتیى دروستکراوە.

لە مەراسیمەکەدا ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر، لە وتارێکدا، ستایشی خزمەتکردنی هونەری کوردی ئەو هونەرمەندەی کرد و تیشکى خستەسەر ڕۆڵى مێژووى ناوبرا لە پێشخستن و پەرەپێدانى گۆرانى و میوزیکى کوردى و خزمەت و کارە هونەرییەکانى بەرزنرخاند، گوتیشى، " فوئاد ئەحمەد، نەک بە تەنها بۆ شارى هەولێر ماییەی شانازییە، بەڵکو تەواوى کوردستان شانازیی پێ دەکات".

جێگەی باسە، هونەرمەندى گەورەى کورد (فوئاد ئەحمەد سلێمان) لە هۆزی نانەکەلی یە؛ باوکی هونەرمەندی خوالێخۆشبوو ئەحمەد تەبیب یەکێک بووە لە کەسایەتییە ناسراوەکانی ئەو ناوچەیە و هەولێر، فوئاد ئەحمەد لە ساڵی1932 لەگوندی عەوێنەی سەر بەشارەدێی گوێڕ لەدایکبووە، ساڵی 1940 چۆتە قوتابخانە پاشان خانەی مامۆستایانی لادێ لە دھۆک تەواو کردووە، لەسەرەتا لەگوندی عاڵڵا (عەبدوڵڵا گوجیلان) و گردعازەبان چەند شوێنێکی دیکەش بووەتە مامۆستا و دووجار هاوسەرگیری کردووە، خاوەنی 8 منداڵە، بۆ یەکەمجار ساڵی 1955 چۆتە ئێستگەی بەغدا، لەوێ یەکەم گۆرانی بەناوی (نەورۆز) تۆمار کردووە، لە ساڵی 1959 گۆرانی (ئەمیرەکەم) ی تۆمارکردووە، لە پاشان گۆرانی (نامەکەت گەیشت) و (سروەی بەیان ) و لەگەڵ چەند گۆرانییەکی تر، لە ساڵی 1963، گۆرانی (ئەی بووکی تازە) و بۆ شۆڕش (سرودی ئێمە کوردین نابەزین)ی تۆمارکرد، تاوەکو ساڵی 1986 نزیکەی سەد گۆرانی لە ئێستگە و پەنجا گۆرانیش لە تەلەڤیزیۆن تۆمار کردووە، دوای تەمەنێکی دوورودرێژ لە خزمەتی هونەری کوردی، لە ڕۆژی17ی ئابی 2004، لە وڵاتی هۆڵندا لە شاری (ئەپڵ دۆرن) کۆچی دوایی کردووە و لە 22-08-2004 لە ڕێوەرسمێکی شکۆداردا لە شاری هەولێر تەرمی هونەرمەند فوئاد ئەحمەد گەیشتەوە خاکی کوردستان و لە گۆرستانی کارگەی قیر لە باشووری شاری هەولێر بە بەخاک سپێردرا.