کۆبونەوەیەکی تایبەت بە کار و پڕۆژە و پلان و بەرنامەکانى چارەسەریى ئاو ئەنجامدرا

کۆبونەوەیەکی تایبەت بە کار و پڕۆژە و پلان و بەرنامەکانى چارەسەریى ئاو ئەنجامدرا

کۆبونەوەیەکی تایبەت بە کار و پڕۆژە و پلان و بەرنامەکانى چارەسەریى ئاو ئەنجامدرا

ئێواره‌ی ئەمڕۆ دووشەممە 2025.4.21، بە سەرپەرشتی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هه‌ولێر، له‌ دیوانى پارێزگا، کۆبونەوەیەکی تایبەت بە کار و پڕۆژە و پلان و بەرنامەکانى چارەسەریى ئاو ئه‌نجامدرا.

له‌ کۆبوونەوەکەدا پارێزگارى هه‌ولێر، تیشکى خستەسەر ئەو پلان و بەرنامە ڕێژیی و پڕۆژانەى کە لە ساڵانى ڕابردوودا بۆ چارەسەرکردنى گرفتى کەم ئاوى لە سنوورى پارێزگاى هەولێر ئەنجامدراون و توانراوە بە هۆیانەوە قۆناغى زۆر باش ببڕین و تاڕادەیەکى زۆر گرفت و کێشەکان چارەسەر بکرێت، لەوبارەیەشەوە دەستخۆشى لەسەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکان کرد و هەوڵ و ماندووبوونى بەرز نرخاندن.

پاشان تیشک خرایەسەر قۆناغەکانى کارکردن لە هەردوو پڕۆژەى گرنگ و ستراتیژى گەورەی شارى هەولێر، کە ئەوانیش پڕۆژە فریاگوزاریی خێرای ئاوى هەولێر و ‏پڕۆژەی دانان و دابەشکردنى تۆڕى ئاوى ناوخۆ لە هێڵە لاوەکیەکان و بەستانەوەى بە هێڵە سەرەکیەکانى پڕۆژەى فریاگوزارى خێرایە، کە لە ئێستادا ڕیژەى تەواوبوونى کارەکانى هەردوو پڕۆژە قۆناغى زۆر باشیان تێپەڕاندووە و لە هاوینى ئەمساڵدا بەشی یەکەمی دەکەوێتە کار.

لە تەوەرێکى ترى کۆبوونەوەکەدا، پارێزگارى هەولێر، جگە لە دووپاتکردنەوەى دابینکردنى کارەباى 24 کاتژمێرى بۆ ئەو بیرانەى ئاوى پاکى ماڵان کە پێویستن، لە ئەگەرى کەمبونەوەی سەرچاوەکانی ئاو لە هاوینى ئەمساڵ، سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکان و فەرمانگە خزمەتگوزارییەکانی ڕاسپارد لە ئامادەباشی تەواودابن و لە خێراترین کاتدا چاره‌سه‌ری هەبوونى هەر کێشە و گرفتێک بکرێت.

لە کۆتایشدا، دوایی گفتوگۆ و خستنەڕووی سەرنج و بۆچونی ئاماده‌بووان، پارێزگاری هەولێر دووبارە تەئکیدیکردەوە بۆ هاوینی ئەمساڵ لە سنوورى پارێزگاى هەولێر نابێت کەمترین گرفت و کێشەی کەمی ئاو هەبێت.

هەریەک لە جێگرانی پارێزگار، یاریدەدەرى پارێزگار، بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێم، سەرۆکى شارەوانى هەولێر، بەڕێوەبەری گشتی شارەوانیەکانى هەولێر، بەڕێوەبەرى ئاوى هەولێر، بەڕێوەبەرى ئاوى دەوروبەر، بەڕێوەبەرى قەیرانەکانى پارێزگا، بەڕێوەبەرى مولیدە ئەهلیەکان و به‌رپرسانی دیکەی لایەنى په‌یوه‌ندیدار لە کۆبوونەوەکەدا ئامادەبوون.