پارێزگاری هەولێر، پێشوازیى لە شاندێکى پەرلەمانتارانى دەم پارتی کرد
پارێزگاری هەولێر، پێشوازیى لە شاندێکى پەرلەمانتارانى دەم پارتی کرد
ئەمڕۆ چوارشەممە 2025.4.23، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، لە دیوانى پارێزگا، پێشوازیى لە شاندێکى پەرلەمانتارانى پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان - دەم پارتیـی کرد، بە سەرۆکایەتى پەرلەمانتار "میراڵ دانش بێشتاش".
لە دیدارەکەدا، پارێزگارى هەولێر خۆشحاڵى خۆى بەسەردانەکەیان بۆ هەولێرى پایتەخت نیشاندا و ئومێدى خواست لەو ماوەیەى کە لە هەولێرى پایتەختن کاتەکانیان بە خۆشی بەسەرببەن، لەلایەن خۆیانەوە شاندى میوان خۆشحاڵى خۆیان بەسەردانەکەیان بۆ هەولێرى پایتەختى کوردستان و ئەو ئارامى و ئاسایش و ئاوەدانى و سەقامگیرییەى لە شارەکەدا هەیە نیشاندا.
لە بەشێکى ترى دیدارەکەدا، پارێزگارى هەولێر، هیواى خواست پڕۆسەى ئاشتى لە تورکیا سەرکەوتووبێت و دووپاتیشى کردەوە کە "سەرۆك بارزانی" هەمیشە جەختی لە بایەخی پڕۆسەی ئاشتی وەك تاكە ڕێگەی دروست بۆ گەیشتن بە چارەسەری كردۆتەوە و پاڵپشت و پشتیگرى پرۆسەی ئاشتییە، گوتیشى، ئومێدى ئێمە و گەلى کوردستان سەرکەوتنى پڕۆسەى چارەسەرى ئاشتیانەى پرسى کوردە لە تورکیا، چونکە شەڕ هیچ شتێک چارەسەر ناکات و نابێت هیچ دەرفەتێک بۆ ئاشتى لە تورکیا لە دەست بدرێت.
پارێزگارى هەولێر هەروەها هیواى ساغ و سەلامەتى و تەندروستى باشى بۆ هەریەک لە سیاسەتمداران ( ئەحمەد تورک و سری سورەیا ئوندەر ) خواست، کە ماوەى چەند ڕۆژێکە بە هۆى نەخۆشیى و ناسەقامگیریى تەندروستیان لە نەخۆشخانە لە ژێر چارەسەرى پزیشکى دان.
لەلایەن خۆیانەوە، شاندى میوان سوپاسى پارێزگارى هەولێریان کرد بۆ پێشوازییەکەى و جەختیان لە پتەوکردنى پەیوەندییەکان کردەوە و پاڵپشتى و خواستەکانى پارێزگارى هەولێریان بەرزنرخاند، هەروەها سوپاسى هەوڵ و کۆشش و پاڵپشتیى "سەرۆک بارزانی"ان کرد بۆ پرۆسەى ئاشتى لە تورکیا و دووپاتیان کردەوە کە ئاشتى لە بەرژوەندیى تەواوى گەلانى تورکیادایە و گەلى کورد خوازیارى ئاشتى و چارەسەرى ئاشتیانەیە.