پارێزگارى هەولێر، پێشوازیی لە فەرماندەی هێزەکانی ئیتاڵیا کرد

پارێزگارى هەولێر، پێشوازیی لە فەرماندەی هێزەکانی ئیتاڵیا کرد

پارێزگارى هەولێر، پێشوازیی لە فەرماندەی هێزەکانی ئیتاڵیا کرد

ئەمرۆ دووشەممە 2025.5.5، ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر، لە دیوانى پارێزگا، پێشوازیى لە ئەنتونێلۆ ئەندریۆتۆلا، فه‌رمانده‌ی هێزه‌كانی سوپای ئیتاڵیا و شاندێكی یاوه‌ری کرد.

له‌ دیدارەکەدا، پارێزگارى هەولێر، جەختی لە گرنگیی پەیوەندییەکانی وڵاتى ئیتاڵیا و هەرێمی کوردستان کردەوە و ئاماژەى بەوەدا، کە ئیتاڵیا وڵاتێكی گرنگی ناو هاوپه‌یمانیه‌تی نێووده‌وڵه‌تی و شه‌ڕی دژ بە تیرۆرستانى داعش بووە و ڕۆڵی هێزەکانی ئیتاڵیا و پشتیوانی و هاریکارییەکانی بەتایبەت لە بواری مەشق و ڕاهێنان بە هێزەکانى پێشمەرگەى کوردستان بەرز نرخاند و ئومێدى خواست هه‌ماهه‌نگی و هاوبه‌شه‌یەكانیان لەگەڵ هێزى پێشمەرگە زیاتر بێت.

هەروەها پارێزگارى هەولێر، سوپاسى تیمى هاوکارى سەربازى مەدەنى هێزەکانی ئیتاڵیای کرد، کە ڕۆڵی باڵایان هەبووە لە هاوکاریکردن و پاڵپشتیکردنی دامودەزگا حکومیەکان بەتایبەتى لە کەرتى تەندروستیی و چەندین پڕۆژەی خێرخوازی جۆراوجۆریان پێشکەش کردووە، لەوبارەیەشەوە جەختى لە هەماهەنگى و هاوکارى پتری تیمەکەیان لەگەڵ پارێزگاى هەولێر کردەوە.

لە لایەن خۆیەوە، فەرماندەی هێزە هاوبەشەکانی سوپای ئیتاڵیا، سوپاسی پارێزگارى هەولێرى كرد بۆ هه‌ڵوێست و پێزانینیان له‌ به‌رامبه‌ر هاوكارییه‌كانی هێزەکانیان و به‌ڵێنیشیدا كه‌ له‌ بواری هاریکارى مرۆیی لەگەڵ پارێزگای هەولێر و ڕاوێژكاری و پەیوەندییەکانیان لەگەڵ هێزی پێشمەرگەی کوردستان بەردەوام ده‌بن.