لە هەولێر ... مەڕاسیمی یادی 42 ساڵەی جینۆسایدی بارزانییەكان بەڕێوەچوو
لە هەولێر ...
مەڕاسیمی یادی 42 ساڵەی جینۆسایدی بارزانییەكان بەڕێوەچوو
ئێوارەی پێنجشەممە 2025.7.31، بە ئامادەبوونی ڕێزدار “مەلا مستەفا مەسعود بارزانی” نوێنەری “سەرۆک بارزانی“ و د.پشتیوان سادق، بەرپرسى مەکتەبى ڕێکخستنى پارتى لە هەولێر و ڕێبەر ئەحمەد، وەزیرى ناوخۆ و ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر و چیا هەرکی و چنار سەعد عەبدوڵڵا، یاریدەرانی بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارتی لەهەولێر و د.زانا مەلاخالید، بەپرسى لقى2 و ئاری نانەکەلی، بەرپرسی لقى16 و ژمارەیەکی دیکەى لە هاونیشتمانیان و بنەماڵە و خانەوادەی سەربەرزی ئەنفال و شەهیدان، لە هۆڵى لە سەنتەری رۆشنبیری لە هەولێرى پایتەخت، مەڕاسیمی یادی 42 ساڵەی ئەنفال و جینۆسایدکردنی بارزانییەكان بەڕێوەچوو، کە لەلایەن لیژنەى ناوچەى زانکۆى سەربە لقى2ی پارتی بە هەماهەنگى زانکۆى سەڵاحەدین ڕێکخرابوو.
جێگەى باسە، ئەنفال و جینۆسایدکردنی بارزانییەکان، لە ساڵی 1983، دەستپێکی شاڵاوێکی ڕەگەزپەرستانەی رژێمی بەعس بوو دژ بە خەڵکی کوردستان، کە دواجار ئەنفالکردنی ناوچەی گەرمیان و بادینان و کیمیابارانکردنی هەڵەبجە و ناوچەکانی تری کوردستانی بەدواداهات، بەڵام سەرباری هەموو ئەو تاوان و زوڵم و ستەم و زۆردارییە، نەتوانراوە تێکۆشان و خۆڕاگری و بەرگری گەلى کوردستان کپ بکرێتەوە، دواجار خەبات و قوربانیی گەلەکەمان و تێکۆشانی دڵسۆزان و پێشمەرگە قارەمانەکان، دەسکەوت و ئەزموونی هەرێمی کوردستانی لێکەوتەوە و گەلەکەمان مایەوە و ئەنفالچییەکان لە ناوچوون.