لە هەولێر ... پاڵەوانیەتی جامی جیهانی خانمان بۆ تۆپی پێی بچوککراوە بەرێوەچوو
لە هەولێر ...
پاڵەوانیەتی جامی جیهانی خانمان بۆ تۆپی پێی بچوککراوە بەرێوەچوو
ئەمڕۆ چوارشەممە 2025.9.17، بە ئامادەبوونی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و محەمەد دۆسەری، سەرۆکی یەکێتیی تۆپی پێی نێودەوڵەتی و چنار سەعد، یاریدەدەری بەرپرسی مەکتەبی ڕکخستنی هەولێری پارتی و د.جوتیار عادل، سەرۆکی فەرمانگەی میدیا و زانیاری و ئاریان صلاح الدین، بریکاری وەزارەتی ڕۆشنبیری و نەبەز، عەبدولحەمید، قائیمقامی ناوەندی هەولێر و سەردار ئیسماعیل، بەرێوەبەری گشتیی وەرزش و ژمارەیەكی تر لە وەرزشوان و وەرزش دۆستان، لە هەولێری پایتەخت پاڵەوانیەتی جامی جیهانی خانمان بۆ تۆپی پێی بچوککراوە، كە لەلایەن یەکێتیی تۆپی پێی نێودەوڵەتی بە هەماهەنگی بەڕێوەبەرایەتی گشتی وەرزشی هەولێر بە بەشداری ( 6 ) هەڵبژاردەی وڵاتان ڕێکخراوە بەڕێوەچوو.
سەرەتا ڕێورەسمی کردنەوەی پاڵەوانیەتیەکە بە نمایشی هەڵبژاردەکان دەستی پێکرد، کە هەریەک لە هەڵبژاردەکانی ( کوردستان، بەرازیل، مسڕ، ئوردن، لبنان، پاکسان) بوون، پاشان بە یاری نێوان هەردوو هەڵبژاردەی ( کوردستان و ئوردن ) دەست بە یارییەکانی پاڵەوانیەتیەکە کرا و هەڵبژاردەی کوردستان توانی بە 12 گۆڵی بێ بەرامبەر لە هەڵبژاردەی ئەردەن بباتەوە.
جێگەی باسە، بە هۆی کەشێکی زۆر باش و گونجاوی ئاسایش و پێشکەوتوو و باشی ژێرخانی وەرزشی، یەکێتیی تۆپی پێی بچوککراوەی نێودەوڵەتی بڕیاریدا میوانداریکردنی ئەمساڵی جامی جیهانی خانمان بەسەرپەرشتی بەڕێوەبەرایەتی گشتی وەرزشی هەولێر لە پایتەختی هەرێمی کوردستان بەڕێوەبچێت.