هەولێر ......... ڕێزلێنان پێشکەش بە سەرۆک و ئەندامانی لێژنەی تۆمارکردنی زیانەکانی ڕووداوەکانی ئەم دوایە كرا
هەولێر .........
ڕێزلێنان پێشکەش بە سەرۆک و ئەندامانی لێژنەی تۆمارکردنی زیانەکانی ڕووداوەکانی ئەم دوایە كرا
ئەمڕۆ پێنجشەممە 2026.7.30، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، لە دیوانی پارێزگا، بە مەبەستی بەرز نرخاندنی کارەکانیان، ( ڕێزلێنان )ی پێشکەش بە سەرۆک و ئەندامانی " لێژنەی تۆمارکردنی زیانە گیانی و مادییەکان و لێکەوتەکانی ڕووداوەکانی ئەم دواییەی" لە سنووری پارێزگای هەولێر کرد.
له دیدارێکدا، پارێزگاری هەولێر تیشکی خستە سەر ڕۆڵی گرنگی لێژنەکە لە ڕاپەڕاندنی ئەرک و ڕاسپێردراوەکان بە شێوازێکی زانستی و دەستخۆشی لە سەرۆک و تەواوی ئەندامانی لێژنەکە کرد لەبەرامبەر ماندووبوون و هەوڵەکانیان لە ڕاپەڕاندنی ئەرکەکانیاندا و جەختی لەوە كردەوە كە لێژنەی ناوبراو لە ماوەی ڕابردوودا بە شێوازێکی زۆر پیشەییانە، ورد و دڵسۆزانە ئەرک و ڕاسپاردەکانیان ئەنجامداوە.
وێڕای بەرز نرخاندنی هەوڵی دامەزراوەكان، ئاماژەی بەوەشدا، کە لێژنەکە توانیویانەی بەدواداچوونی مەیدانیی ورد بۆ سەرجەم لێکەوتەکان بکەن و ئامار و داتا ڕاستەقینەکان تۆمار بکەن، ئەمەش ڕەنگدانەوەی دڵسۆزی و نیشتمانپەروەریی ئەندامانی لێژنەکەیە لە پاراستنی مافی هاووڵاتیان و نیشاندانی قەبارەی ڕاستەقینەی زیانەکانی.
ڕوونیشی كردەوە لە ماوەی ئەو دۆخە ناهەمووار و نەخوازراوەی لە ناوچەكەدا دروستبووە، هەموو ئەو هێرش و پەلامارە جۆراوجۆرانەی کراوەتە سەر هەولێری پایتەخت، کە بەداخەوە بەهۆیەوە زیانی گیانی و ماددی لێ کەوتووەتەوە و زیانی گەیاندووە بە ژێرخانی ئابووریی هەرێمی کوردستان، هیچ بیانوویەک هەڵناگرن، ئەوەی دەكرێت ستەمە لە بەرامبەر هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان ئەنجامدەدرێت، و حکومەتی هەرێمی کوردستانیش بە ڕوونی بە هەموو لایەكی ڕاگەیاندووە كە هەرێمی کوردستان بەشێک نییە لە هیچ ململانێیەک و لایەنگری هیچ لایەنێکی شەڕەکە ناکات.
دووپاتیشی كردەوە، كە لەسەر حکومەتی عێراقی فیدراڵ پێویستە لەبەرامبەر ئەو زەرو زیانانەی لەئاكامی بۆردومان و هێرش و پەلامارەكان بەر هەرێمی كوردستان كەوتووە، بودجەی فریاگوزاری بۆ کوردستان بنێرێت تاوەکو قەرەبووی ئەو زیانە ماددی و گیانییانە بکرێتەوە کە بەر هاووڵاتییانی کەوتوون.