له‌هه‌ولێر... لەماوەى 15 ساڵی رابردوودا پاککردنەوەى ڕێڕە‌وه‌كانى ئاو بەمشێوەیەى ئێستا کارى تێدانەکراوە
له‌هه‌ولێر...
لەماوەى 15 ساڵی رابردوودا پاککردنەوەى ڕێڕە‌وه‌كانى ئاو بەمشێوەیەى ئێستا کارى تێدانەکراوە
دواى ئەوەى پارساڵ بە هۆى بارانبارینێكی زۆر لە شاری هەولێر لافاو دروست بوو، لەسەر ڕاسپاردە و فەرمانى ڕێزدار مەسرور بارزانى، سه‌رۆكى حکومەتى هەرێمى کوردستان، پارێزگای هه‌ولێر جگە لە ئه‌نجامدانی كۆنفڕانسێك تایبەت بە چارەسەر و ڕێگری‌کردن لە دووبارەبوونەوەى ئەو کارەساتە و لافاوە، لە ماوەی 5 مانگی ڕابردوودا ئاماده‌كارییەکى زۆرى ئەنجامداوە بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی لافاو و ڕووداوی نه‌خوازراو، کە ده‌توانرێت بگوترێت لە ماوەى 15 ساڵى ڕابردوودا کارى لەم شێوەیە بۆ پاککردنەوەى ڕێڕە‌وه‌كانى ئاو له‌پارێزگای هه‌ولێر نەكراوه، بەمشێوەیەى خوارەوە:-
ـ كه‌ندی كۆڕنیش هەر له سه‌ره‌تا‌وه تا كۆتایی پاكکراوەتەوە و پرۆسەى پاککردنەوەى تائێستاش بەردەوامە و هەموو ئەو به‌ربه‌ستانەش لادەبرێت کە لە نێوى دروست کرابوون و ببوونە هۆكاری دروستبوونی لافاو.
ـ له ڕێگه‌ی ته‌نده‌رینگه‌وه، دوو پردی پته‌و له شوێنی ئه‌و به‌ربه‌ستانه دروست ده‌كرێن كه چاره‌سه‌رێكی زۆر باشن بۆ ڕێگریكردن له دروستبوونی لافاو.
ـ له كۆتایی گهڕەكی ڕۆشنبیری له داره‌توو، ئێستا کار لە شه‌قامێكی دووساید ده‌كرێت و له‌م ڕۆژانه ئەم شەقامەش ته‌واو ده‌بێت.
ـ له گهڕەكی هه‌ولێری نوێ، تیمه‌كانی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی ئاودێری له ڕێگه‌ی چه‌ند ته‌نده‌رینگ كه‌نده‌كه پاك ده‌كه‌نه‌وه، بەوەش كێشه‌یه‌كی ئه‌وتۆ له كۆڕنیش نامێنێت و مه‌ترسی دروستبوونی لافاو له‌و شه‌قامه وه‌ك ساڵی پار نییە، چونكه هه‌مووی پاك كراو‌ەته‌وه.
ـ شاری هیران ستی و ده‌وروبه‌ری کە ساڵى ڕابردوو لافاو گرتیەوە، ئێستا رێڕە‌وێكی نوێی لێ دروست ده‌كرێت و ئاوه‌كه ده‌چێته به‌ستی بنه‌سڵاوه و دواتریش بۆ كۆڕنیش، ئه‌مه‌ش وا ده‌كات ئه‌مساڵ مه‌ترسی لافاو له‌سه‌ر ئه‌و ناوچه‌یه نه‌مێنێت، تائێستاش لە 85%ى ئه‌م پڕۆژە‌یه ته‌واو بووه.
ـ ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی به شه‌قامی مه‌سیفه‌وه هه‌یه، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بە گوژمه‌ی 8 ملیار دینار، بڕیارى پاككردنه‌وه‌ی ڕێڕە‌وه‌كانی ده‌وروبه‌ری شه‌قامی 150 مه‌تری دا كه پارساڵ كێشه‌ی دروست كردبوو، ئێستا لە شه‌وه‌ك و مه‌لائۆمه‌ر كار ده‌كرێت، له گردجوتیاریش تیمه‌كان كاری به‌رده‌وام ده‌كه‌ن، له بنه‌سڵاوه‌ش كه‌نده‌كان پاك كراوه‌ته‌وه.
ـ له‌ناو سه‌نته‌ری شاری هه‌ولێریش له ڕێگه‌ی هه‌ر شه‌ش شاره‌وانیی و به‌رێوه‌به‌رایه‌تیی ژینگەوە، زۆربه‌ی مه‌نهۆل و ژێر پرده‌كان و تۆڕە‌كانی ئاو و چه‌په‌ره‌كان پاك کراونەتەوە پرۆسەى پاککردنەوەکەش بەردەوامە.
ـ هەروەها پۆندێكی گلدانەوەى ئاو له‌سه‌ره‌وه‌ی ناحیه‌ی داره‌توو دروست ده‌كرێت، بۆ گلدانەوەى ئاو بۆ کارى جوتیارى و گەشتیارى و ئاوى ئەو ڕێڕەوانەشى کە دەبنە ڕایەڵکەى دروستبوونى لافاو.
ئه‌مانه هەمووى به‌شێكن له‌و كارانه‌ى كه له‌لایەن پارێزگای هه‌ولێر لەو ماوەیە ئه‌نجامدراون بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی لافاو و ڕێکارەکانیش لەوبارەیەوە بەردەوامە.