نرخی نەوت و زێڕ دابەزی

نرخی نەوت و زێڕ دابەزی

رۆژی دووشەممە دوای کردنەوەی بازاڕەکان، نرخی نەوت بە دابەزین کرایەوە. هەروەها نرخی زێڕ بۆ کەمترین ئاستی خۆی لە یەک مانگی رابردوودا دابەزی.


بەرەبەیانیی رۆژی دووشەممە 13-2-2023، هەر بەرمیلێک نەوتی برێنتی دەریای باکوور 69 سەنت دابەزی و هەر بەرمیلێک بە 85 دۆلار و 70 سەنت مامەڵەی پێوەکرا. هەروەها هەر بەرمیلێک نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکا 68 سەنت دابەزی و بە 79 دۆلار و 4 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.

وارن پاتێرسن، شرۆڤەکاری سەر بە کۆمپانیای راوێژکاری (ING) رایگەیاند، " دابەزینی نرخی نەوت ئەمڕۆ بە ئەگەری زۆرەوە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە بازاڕی نەوت پێشتر خۆی لەگەڵ کەمبوونەوەی نەوتی رووسیا گونجاندووە."

لە مانگی دووی ئەمساڵدا هاوردەکردنی نەوت لەلایەن چینەوە کەمبووەتەوە و ئەوەش بازرگانانی نیگەران کردووە لە کەمبوونەوەی خواست بۆ ئەو کاڵا ستراتژییە. هەفتەی رابردوو نرخی نەوت تێکڕا بە رێژەی 8٪ دابەزی بوو.

نرخی ئۆنسەیەک زێڕ بۆ خوارووی 1860 دۆلار دابەزی

رۆژی دووشەممە نرخی زێڕ دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا زیاتر دابەزی بۆ کەمترین ئاستی خۆی لە ماوەی یەک مانگی رابردوودا.

ئەمڕۆ دووشەممە هەر ئۆنسەیەک زێڕ بە رێژەی 0.3٪ دابەزی و بە 1858 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.

نرخی هەر ئۆنسەیەک زێڕ لە گرێبەستەکانی داهاتوودا بەرێژەی 0.26٪ دابەزینی بەخۆیەوە بینی و بە 1869 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.

بازرگانانی زێڕ چاوەڕوانی بڵاوبوونەوەی ئامارەکانی هەڵاوسانی ئەمریکان کە ئەم هەفتەیە بڕیارە بڵاوببێتەوە بەوپێیەی ئاماژەکان ئاشکرا دەکات لەسەر سیاسەتی بانکی ناوەندیی ئەمریکا سەبارەت بە بەرزکردنەوەی سوودی بانکی.

سەرەڕای ئەوەی کە پێشبینی دەکرێت هەڵاوسان لە ئەمریکا لە مانگی یەکی ئەمساڵدا دابەزێت، بەڵام هێشتا لە ئاستێکی بەرز ماوەتەوە.

بەرزبوونەوەی رێژەی هەڵاوسان دەبێتە هۆکار بۆ ئەوەی بانکی ناوەندیی ئەمریکا بەردەوام بێت لە بەرزکردنەوەی سوودی بانکی و بەپێیەش بەهای دۆلار بەرزدەکاتەوە کە دەبێتە هۆکار بۆ دابەزینی بەهای زێڕ و کانزاکانی دیکە.