بنکەى تەندروستیى ئەتلانتیک سیتى لە هەولێر کرایەوە
ئەمڕۆ سێشەممە 2023.2.21، بە ئامادەبوونى د.سامان بەرزنجى، وەزیرى تەندروستیى حکومەتى هەرێمى کوردستان و ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر و هێمن قادر، جێگرى پارێزگار، لە ڕێورەسمێکدا بنکەى تەندروستیى ئەتلانتیک سیتى لەجۆرى B لە شارى هەولێر کرایەوە.
لە ڕێورەسمەکەدا، کە هەریەک لە قائیمقامى قەزایی دەشتى هەولێر و بەرێوەبەرى گشتیى تەندروستى هەولێر و بەڕێوەبەرى ناحییەى کەسنەزان و ژمارەیەکى دیکە لە پزیشکان و کارمەندانى تەندروستیى ئامادەی بوون، دواى بەسەرکردنەوەى بەش و هۆبەکانى بنکەکە پارێزگارى هەولێر، وێڕاى پیرۆزبایی لە دانیشتووانی سنورەکە ئاماژەى بەوەدا، کردنەوەى ئەم بنکە تەندروستییە گرنگى و کاریگەرە زۆرى هەیە لە هاوکارى و چارەسەرکردنى هاوڵاتییان و ئومێدى خواست هاوڵاتییان پێویستیان پێى نەبێت و هەمیشە ساغ و تەندروستبن.