لە هەولێر ... (2,389) تابلۆی کۆمپانیا و دامەزراوەکانی کەرتی تایبەت و شوێنە گشتیى و بازرگانییەکان، گۆڕدراوە بۆ کوردی و هەڵمەتى گۆڕینى تابلۆکانیش بەردەوامە
لە هەولێر ...
(2,389) تابلۆی کۆمپانیا و دامەزراوەکانی کەرتی تایبەت و شوێنە گشتیى و بازرگانییەکان، گۆڕدراوە بۆ کوردی و هەڵمەتى گۆڕینى تابلۆکانیش بەردەوامە
ئەمرۆ چوارشەممە 2023.11.22، دوا بە دواى فەرمانى سەرۆکی حکومەتی هەرێمى کوردستان، لە پێناو گرنگیدان بە زمانی دایک و پاراستنی زمانی کوردی وەک زمانی سەرەکی لە هەرێمی کوردستان و ئەنجامدانى کارى پێویست بۆ گۆڕینى تابلۆی شوێنە گشتییەکان بۆ کوردى، بە سەرپەرشتى ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر و بە ئامادەبوونى هێمن قادر و مەسعود کاڕەش، جێگرانى پارێزگار، لە دیوانى پارێزگا، کۆبوونەوەیەکى تایبەت سەبارەت بە دەرەنجامى هەڵمەتى گشتگیرى گۆڕینى تابلۆی کۆمپانیا و دامەزراوەکانی کەرتی تایبەت و شوێنە گشتیى و بازرگانییەکان بۆ کوردى لەسنوورى پارێزگاى هەولێر ئەنجامدرا.
لە کۆبوونەوەکەدا، پارێزگارى هەولێر، وێڕاى تەئکید کردنەوە لە جێبەجێکردنى فەرمانى ڕێزدار مهسرور بارزانی، سهرۆكی حكومهتی ههرێمی كوردستان، لە رۆژی جیهانیی زمانی دایک، تایبەت بە گرنگیدان و پاراستنى زمانی کوردى، دەستخۆشى لە سەرجەم فەرمانگە پەیوەندیدارەکان کرد کە بە دروستى کارەکانیان ئەنجامداوە و دەرەنجامى باش و دڵخۆشکەر لە هەڵمەتى گۆڕینى تابلۆکان بۆ کوردى هەن، کە تەنها لە ناو سەنتەرى شارى هەولێر لە ماوەى ڕابردوودا لە ڕیگەى تیمەکانەوە توانراوە (2389) تابلۆی چێشتخانە و ئوتێل و ڕێستۆرانت و کۆمپانیا و دامەزراوەکانی کەرتی تایبەت و شوێنە گشتیى و بازرگانییەکان بگۆڕدرێ بۆ کوردی، پارێزگارى هەولێر هەروەها زۆر سوپاسى هاوڵاتییان و کاسبکارانى شارى هەولێریشى کرد کە هاوکار و هەماهەنگى سەرخستنى هەڵمەتەکە بوونە و پابەند بوونە بەبڕیارەکان.
لە تەوەرێکى ترى کۆبوونەوەکەدا، پارێزگارى هەولێر وێڕاى ئەوەى جەختى لە بەردەوامیدان بە هەڵمەتەکە کردەوە، فەرمەنگە و دامەزراوە پەیوەندیدارەکانى ڕاسپارد سەرجەم خاوەن دوکان، چێشتخانە، هوتێل، مارکێت، ڕێستورانت، کۆمپانیا و شوێنە گشتییەکانی تر ئەوانەی تاکو ئێستا تابلۆکانیان نەکردۆتە کوردی ئاگادار بکەنەوە پابەندی بڕیارەکەبن و تابلۆی شوێنەکانیان بگۆڕن بۆ کوردی، بە پێچەوانەوە هەرکەس و خاوەن شوێنێک تابلۆكانی نهگۆڕێ، ڕێکارى پێبژاردن و داخستنى شوێنەکەى بەرامبەرى دەگیرێتەبەر.
لە کۆتایشدا باس لەو دیاردە نادروست و ناجۆرە کرا کە بەشێک لە خاوەنکار و کاسبکاران لە سەر دیوارى شوێنە گشتییەکان و ماڵان کارەکانیان و ژمارە تەلەفۆنەکانیان دەنووسن، لەوبارەیەشەوە کۆبوونەوە بڕیاریدا لە هەفتەى داهاتوودا هەڵمەتێک لەلایەن سەرۆکایەتى شارەوانى هەولێر و سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییەکانى دەستپێبکات بۆ پاککردنەوەى ئەو شوێنانە، دواتر هەرکەسێک ئەو کارە دووبارە بکاتەوە لەسەر دیوار ڕیکلام بنووسێت ئیجرائاتى لەگەڵ بکرێ و کەسەکەش دەستگیربکرێت.
جێگەى باسە، هەریەک لە قائیمقامى ناوەند، بەڕێوەبەرى گشتیى گەشت و گوزارى هەولێر، بەرێوەبەرى گشتیى ڕۆشنبیرى و هونەرى هەولێر، بەڕێوەبەرى گشتیى شارەوانییەکان بە وەکالەت، سەرۆکى شارەوانى هەولێر، بەڕێوەبەرانى سەرجەم بەڕێوەبەرایەتى شارەوانییەکان، بەڕێوەبەرى کۆمپانیاکان، سەرۆکى بەشى پلاندانانى سەرۆکایەتى شارەوانى، بەڕێوەبەرى پارکى سامى عەبدولڕەحمان ئامادەى کۆبوونەوەکە بوون.