لە هەولێر ... بەشەناوخۆییەکی نوێ بۆ قوتابییان دروست دەکرێت
لە هەولێر ...
بەشەناوخۆییەکی نوێ بۆ قوتابییان دروست دەکرێت
لەچوارچێوەی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان و بەمەبەستی خزمەتکردنی زیاتر قوتابییان، لەهەولێری پایتەخت پرۆژەی دروستكردنی كۆمەڵگەی بەشەناوخۆیی، کە بەشێكە لە پرۆژەی كەمپی زانكۆی سەڵاحەدین و لەئێستادا بە ڕێژەى 98%ی کارەکانی تەواو بووە، لە ماوەی دوو مانگی داهاتوودا تەواو دەبێت وبەڕووی قوتابیان دەکرێتەوە.
گوژمەی پڕۆژەکە 25 ملیۆن دۆلارە و ڕووبەرەكەشی 25 دۆنم زەوییە و سوودی بۆ زیاتر لە 2 هەزار قوتابیش دەبێت.
پرۆژەکە لە چوار باڵەخانەی سێ نهۆمی، لەگەڵ باڵەخانەیەكی كافتریای سێ نهۆمی و هەشت كوشك و بنكەیەكی تەندروستی و باڵەخانەیەكی كارگێڕی و هۆڵی پێشوازی و هۆڵێكی گەورە پێك هاتووە. ڕووبەری هەر یەكێکیان 400 مەتر چوارگۆشەیە و پاركی ئوتومبێل و 2 گۆڕەپانی بالە و باسكەی تێدایە.
لەڕووی پاراستنی سەلامەتییەوە، سیستەمی ئاگركوژێنەوە وە زەنگدانەوەی ئاگری تێدایە و ئینتەرنێت و سیستەمی كامێرەی چاودێریی هەیە؛ هەموو باڵەخانەكان بەو سیستەمانەوە بەستراونەتەوە.
پرۆژەی دروستكردنی بەشەناوخۆییەکە، ڕێژەى 98%ی تەواو بووە. ئەوەى ماویەتی، تەنیا ڕاکێشانی هێڵی کارەبایە و لە ماوەی دوو مانگی داهاتوودا تەواو دەبێت.
بە تەواوبوونی پڕۆژەکە زانكۆ زۆر سوودمەند دەبێت، لەبەر ئەوەی ژمارەیەکی زۆر قوتابی لە خۆى دەگرێت و ئەگەر بەراوردی بكەی لەگەڵ باڵەخانەكانی دەرەوەی زانكۆ، زۆر خۆشتر و دڵگیرترە، ئەمەش خزمەت بە ژینگەى خوێندن لە ناو زانكۆی سەڵاحەدین دەکات.