وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستانن پێشوازى لە جێگری وەزیری ناوخۆی ئێران و شاندێکى یاوەرى کرد

وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستانن پێشوازى لە جێگری وەزیری ناوخۆی ئێران و شاندێکى یاوەرى کرد

وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستانن پێشوازى لە جێگری وەزیری ناوخۆی ئێران و شاندێکى یاوەرى کرد

ئەمڕۆ یەکشەممە 2023.8.20، رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە ئامادەبوونى ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر و هەڵگورد شێخ نەجیب، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و د.هێمن میران، بەریوەبەرى گشتیى دیوانى وەزارەتى ناوخۆ و عەبدوڵڵا ئاکرەیی، بەرێوەبەرى گشتیى پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران، پێشوازی لە سەید محەممەد میر ئەحمەدی، جێگری وەزیری ناوخۆی کۆمارى ئیسلامى ئێران و محەممەد سادق موعتەمیدیان، پارێزگارى ئازەربایجانى ڕۆژئاوا(ورمێ) و نەسڕوڵڵا ڕەشنودى، سەرکونسڵى گشتیى کۆمارى ئیسلامى ئێران لە هەولێر کرد.

لە دیدارەکەدا، کە ژمارەیەکى تر لە بەرپرسانی هەردوولا ئامادەی بوون، تاوتوێی چەند پرسێک کرا، یەکێک لەو پرسانەی گفتوگۆکردن بوو لە سەر رێکار و ئاسانکارییەکانی حکومەتى هەرێمى کوردستان بۆ پێشوازیکردن لە سەردانى زیارەتکارانی کۆمارى ئیسلامى ئێران لەڕێگەى هەرێمی کوردستان بۆ شوێنە پیرۆزەکانى عێراق و بەشداریان لە چلەی ئیمام حوسێن. هەروەها باس لە ئامادەکارییەکانى حکومەتى هەرێمى کوردستان کرا بۆ پێشوازیکردن لە زیارەتکاران لە دەروازەی سنوورى نێودەوڵەتى حاجی ئۆمەرانەوە تاکو هەولێرى پایتەخت، کە بۆ ئەو مەبەستە سێ وێسگە کراوەتەوە و هەموو پێداویستییەکان لە لایەن فەرمانگە خزمەتگوزاریى و فریاگوزارییەکان بۆ زیارەتکاران دابینکراوە و چەند لیژنەیەکی تایبەتیش لەوبارەیەوە پێکهێنراون. لەوبارەیەشەوە جێگری وەزیری ناوخۆی کۆمارى ئیسلامى ئێران، سوپاسی سەرۆکى هەرێمی کوردستان و سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان و حکومەتى هەرێمى کوردستانى کرد، بۆ هەموو ئەو ئامادەکاری و ئاسانکارییانەیى بۆ پێشوازیکردن لە زیارەتکارانکە ئەنجامدراوە.

پاشان لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی ھاوبەشدا ئومێد خۆشناو، پارێزگاری ھەولێر لەگەڵ محەممەد سادق موعتەمیدیان،پارێزگارى ئازەربایجانى ڕۆژئاوا (ورمێ) جەختیان لە پەرەپێدانی پەیوەندییەکانیان کردەوە و باسیان لەوە کرد، سەرجەم ئامادەکارییەکان بۆ هاتنی زیارەتکارانی چلەی ئیمام حوسێن بۆ کەربەلا، لە دەروازەی سنووریی حاجی ئۆمەرانەوە کراوە و پێشبینی دەکرێت ئەمساڵ لە رێگەی دەروازەکانی حاجی ئۆمەرانەوە، نیو ملیۆن زیارەتکار سەردانی کەربەلا بکەن بۆ بەشداری لە چلەی ئیمام حوسێنن لەوبارەیەشەوە پارێزگاری رایگەیاند: "لە هەرێمی کوردستان بۆ بەڕێوەچوونی ئەم رێوڕەسمە، لیژنەیەکی باڵا پێکهاتووە و هەموو ئامادەکارییەکی پێویست بۆ زیارەتکاران هەر لە هاتنە نێو سنووری حاجی ئۆمەرانەوە تاوەکو دوایین بازگەی ئێمە کە شێراوایە، هەموو ئاسانکارییەکایان پێشکێش دەکرێت و ئەمڕۆ لە دیوانی وەزارەتی ناوخۆ، کۆبوونەوەیەک بە سەرپەرشتی وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان و بە بەشداری جێگری وەزیری ناوخۆی ئێران و پارێزگاری ورمێ شاندێک لە هەردوولا بەڕێوەچوو، یەکێک لەو تەوەرانەی لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆی دەربارەوە کرا، ئامادەکاری ئەمساڵە بۆ هاتووچۆی زیارەتکارانی شوێنە پیرۆزەکانی عێراق لە دەروازەی حاجی ئۆمەران – تەمەرچینەوە، کە لە کۆماری ئیسلامی ئێران و حکومەتی هەرێمی کوردستانیش، ئامادەکاری تەواو کراوە.

گوتیشى: "رۆژی 23-07-2023، لە حاجی ئۆمەران رێککەوتنێکی 20 خاڵیمان واژۆ کرد بۆ زیاتر و باشترکردنی ئاڵوگۆڕی بازرگانی و کارئاسانی گەشتیارانی هەردوولا".

جەختیشی لەوە کردەوە، هەردوو وڵات پابەندین بەو رێککەوتنانەی پێشووی نێوانمان و لێی رەزامەندین و ساڵی رابردووش سنووری حاجی ئۆمەران لەڕووی بازرگانی و هاتووچۆوە، پڕ جووڵەترین سنووری نێوان هەرێمی کوردستان و ئێران بووە.

بۆ ئامادەکارییەکانی هاتنی زیارەتکاران، دەستخۆشی لە پارێزگاری هەولێر و حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد و رایگەیاند، "لە ماوەی دوو ساڵدا، زۆربەی رێککەوتنەکانمان کە بە ئاراستەی پەرەپێدانی پەیوەندییەکان بوون، بەتایبەتی لە بواری ئابووری و پەرەپێدانی ئاڵوگۆڕی بازرگانی، جێبەجێکراون."

گوتیشی، ساڵی رابردوو نزیکەی 70 هەزار کەس لە سنووری حاجی ئۆمەرانەوە بە مەبەستی زیارەت سەردانی کەربەلا و شارە پیرۆزەکانی عێراقیان کردووە؛ ئەوەشی بە ئەزموونێکی سەرکەوتووی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئێران دانا.

سەبارەت بە ئاڵوگۆڕی بازرگانیش، پارێزگاری ورمێ گوتی، ساڵی رابردوو دەروازەی سنووریی تەمرچین [حاجی ئۆمەران]، لە بواری ئاڵوگۆڕی بازرگانییەوە، لە پلەی یەکەمی دەروازە سنوورییەکانی ئێران و هەرێمی کوردستان بووە، کە بڕی ئەو ئاڵوگۆڕییە گەیشتووەتە زیاتر لە یەک ملیار دۆلار و بەشێک لە رێککەوتنەکەیان لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان، کردنەوەی دەروازەی سنووریی نوێ بووە و لە داهاتوویەکی نزیکدا دەروازەی سنووریی سیدەکان-کێلەشین، کە لە قۆناغی کۆتاییدایە، دەکرێتەوە.

جێگەى باسە، دوێنێ شەممە 2023.8.19، سەید محەممەد میرئەحمەدی، جێگری وەزیری ناوخۆ بەیاوەری محەممەد سادق موعتەمیدیان، پارێزگارى ئازەربایجانى ڕۆژئاوا(ورمێ) و شاندێکی وڵاتەکەی لە رێگەی دەروازەی سنووری نێودەوڵەتى حاجی ئۆمەرانی بەسەردانێکی فەرمی بەمەبەستی لە نزیکەوە ئاگاداربوون لە ئاماده‌كارییه‌كانی هاتنی زیارەتکارانی ئێران لە ڕێگەی هەرێمی کوردستان بۆ شوێنە پیرۆزەکانی عێراق سەردانی هەرێمی کوردستانیان کرد.