پارێزگاری هەولێر، پێشوازی لەسەرکونسڵی گشتی کۆماری ئیسلامی ئێران لە هەولێر کرد

پارێزگاری هەولێر، پێشوازی لەسەرکونسڵی گشتی کۆماری ئیسلامی ئێران لە هەولێر کرد

پارێزگاری هەولێر، پیشوازی لەسەرکونسڵی گشتی کۆماری ئیسلامی ئێران لە هەولێر کرد

ئەمڕۆ چوارشەممە 2023.8.23، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، لە دیوانى پارێزگا، پێشوازى لە نەسڕوڵڵا ڕەشنودی، سەرکونسڵی گشتی کۆماری ئیسلامی ئێران لە هەولێر و شاندێکى یاوەرى کرد.

لە دیدارەکەدا، وێڕاى ئەوەی جەخت لە بەرە و پێشبردنی پەیوەندییەکان و هەماهەنگی و هاوکاری نێوان هەردوولا کرایەوە، سەرکونسڵی کۆماری ئیسلامی ئێران، سوپاسی پارێزگاری هەولێری کرد بۆ هەموو ئەو هاوکاری و ئاسانکارییانەی پێشکەش بە زیارەتکارانی ئێران بۆ شوێنە پیرۆزەکانی عێراق کراوە و کارەکان زۆر بەباشی بەڕێوەدەچن، لەوبارەیەشەوە پارێزگاری هەولێر، تەئکیدی لەوەکردەوە بۆ پیشوازیکردن لە زیارەتکارانی ئێرانى بۆ شوێنە پیرۆزەکانى عێراق لە دەروازەى سنووری نێودەوڵەتی حاجى ئۆمەران بۆ نێو خاکى هەرێمى کوردستان تاکو دواخاڵی سنووری پارێزگاکەمان کە شێراوەیە، هەموو ئامادەکارییەکمان لەڕووى پێشکەشکردنى خزمەتگوزاریى و فریاگوزاری پێویست کردووە، وەک حکومەتى هەرێم و پارێزگاى هەولێریش ئەوەی لە توانادابێت لە هاریکاری و ئاسانکاری پێشکەشی دەکەین، دڵنییاشی کردنەوە کە پاراستنى سەلامەتى زیارەتکاران لە هاتن و چوونیان لە ئەولەویەتى کارەکانە.

لە تەوەرێکی تری کۆبوونەوەکەدا، گفتوگۆ لە بارەی هاتووچۆ و گەشتکردنی هاوڵاتییانی هەرێم و کۆماری ئیسلامی بە ئۆتۆمبێلی تایبەتی خۆیان کرا لە نێوا هەردوولادا، سەبارەت بو پرسەش شاندی میوان پوختەیەکیان لەو ڕێکار و رێوشوێنانە پێشکەش کرد، کە لە چوارچێوەی دروستکردنی کارتێکی تایبەتی ئاسانکارییەکی زۆریان کردووە بۆ هاتووچۆ و گەشتکردنی هاوڵاتییانی هەرێم بۆ کۆماری ئیسلامی ئێران، لەلایەن خۆیەوە پارێزگاری هەولێر وێڕای دەستخۆشی بۆ داڕشتنی ئەو ڕێکار و ڕێوشوێنانەی دیاریانکردووە، ڕایگەیاند: "ماییەی ڕەزامەندیمانە و خۆشحاڵین کە خاڵێکی دیکە لە خاڵەکانی ڕێککەوتنامەکانی دوو ساڵی ڕابردووی نێوان پارێزگاى هەولێر و پارێزگای ئازاربایجانی ڕۆژئاوا(ورمێ) جێبەجێ دەکرێت، لە داوای واژووکردنى ڕێککەوتنامەکەش زۆربەی زۆری خاڵەکانى لەلایەن هەردوولامانەوە جێبەجێکراوە، خواستی پێشکەشکردنی ئاسانکاری و هاریکاری هاتووچۆی هاوڵاتییانیش بە ئوتۆمبێلی خۆیان بۆ کۆماری ئیسلامی ئێران یەکێک بووە لە خاڵەکانی ڕێککەوتنی نێوانمان و داخوازیی ئێمە بووە، بۆیە دڵنیاتان دەکەینەوە لە نزیکترین دەرفەتدا، دوای دیراسە و کارلەسەرکردن بەپێى ڕێکار و ڕێنماییە بەرکارەکانی هەردوو وڵات دەیخەینە بواری جێبەجێکردنەوە".

لەکۆتایدا سەرکونسڵی کۆماری ئیسلامی ئێران لەهەولێر، دووبارە سوپاسی پارێزگاری هەولێری کرد و ئامادەیی هەموو هاوکارییەکی بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییەکان نیشاندا.