پارێزگارى هەولێر: "ده‌ستخۆشیی له سەرجەم تیمه‌كان دەکەین، کە له چوارچێوه‌ی جێبه‌جێكردنی پلانه‌كان، توانرا لە ماوەى چەند کاتژمێرى ڕابردوودا مه‌ترسییه‌كانى ئەو ڕێژە زۆرەى بارانبارین کەمبکرێتەوە"
پارێزگارى هەولێر: "ده‌ستخۆشیی له سەرجەم تیمه‌كان دەکەین، کە له چوارچێوه‌ی جێبه‌جێكردنی پلانه‌كان، توانرا لە ماوەى چەند کاتژمێرى ڕابردوودا مه‌ترسییه‌كانى ئەو ڕێژە زۆرەى بارانبارین کەمبکرێتەوە"
ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر، ئەمڕۆ دووشەممە 2023.11.20، بەمەبەستى لە نزیکەوە ئاگاداربوون لە چۆنیەتى بەڕیوەچوونى کارەکانیان، تیمەکانى فەرمانگە خزمەتگوزارییەکانى بەسەر کردەوە، کە لە کۆبوونەوەى دوێنى پارێزگاى هەولێر، سەرجەم تیمەکانى فەرمانگە خزمەتگوزارییەکان و لایەنە پەیوەندیدارەکان لە (قائیمقامیەتەکان و بەڕێوەبەرایەتى ناحییەکان و بەرگری شارستانی، ئاسایش، پۆلیس، پۆلیسی هاتووچۆ، تەندروستی، شارەوانیەکان، تیمی ناوەنی قەیرانەکان، دەزگای خێرخوازی بارزانی، ئاو و ئاوەڕۆکان، ئاودێری) خرابوونە حاڵەتی ئامادەباشى تەواو بۆ بەرگرتن لە ڕوودانى هەر ئەگەرێکى نەخوازراوى نا لەباری ڕەوشی کەشوهەواو، کە بەپێی پێشبینییەکانی کەشناسی لە دوێنێوە ئێوارەوە کاتژمێر 4 تاکو کاتژمێر 11ى بەیانى ئەمڕۆ ڕێژەیەکی زۆری باران لە ماوەیەکی کەمدا دابارى و مەترسی دروستبوونی لافاوی لێدەکرا.
پارێزگارى هەولێر، دواى ئەوەى لە نزیکەوە بەدواداچوونى بۆ چۆنیەتى بەڕێوەچوونى کارەکانیان کرد، دەستخۆشى لە سەرجەم تیمەکانى فەرمانگە خزمەتگوزارییەکان و یەکە کارگێڕییەکانى سنوورى پارێزگاى هەولێر کرد و سوپاسى هاوڵاتییانیشى کرد کە هاوکار و هەماهەنگى تیمەکان بوونە.
لەوبارەیەشەوە لە کۆنگرەیەکى ڕۆژنامەوانى بۆ کەناڵەکانى ڕاگەیاندن ڕایگەیاند: "له هه‌ولێر له ماوەى 16 كاتژمێر، لە کاتژمێر 4ى ئێواره‌ى دوێنێوە تا کاتژمێر 9ی به‌یانی ئەمڕۆ (64 ملم) باران باریوه و ته‌نیا له كاتژمێر 6ی به‌یانی تاکو کاتژمێر 8:30ى بەیانى (38 ملم) باران باریوه، ئەمەش بەراورد بە ساڵى ڕابردوو ڕێژیەکى زۆرە، ڕاستە له هه‌ندێ شوێن زیان گه‌یشتووه‌ته ماڵه‌كان و ئاو بەرزبۆتەوە، به‌ڵام مایەی خۆشحاڵى و ده‌ستخۆشییه له سەرجەم تیمه‌كان کە له چوارچێوه‌ی جێبه‌جێكردنی پلانه‌كان، توانرا مه‌ترسییه‌كان زۆر كه‌متر بکرێتەوە، چونكه به‌راورد به‌و ڕێژه بارانه زۆرەى به‌و ماوه كه‌مه دابارییوە، زیانه‌كان زۆر كه‌م بوون".
ڕاشیگه‌یاند: "به‌پێی پێشبینیی كه‌شناسی بارانبارین به‌رده‌وام ده‌بێ، به‌ڵام مه‌ترسیی ئه‌وه‌ی نه‌ماوه ڕێژه‌ی زۆر بێ و بگاته لافاو".
لەکۆتایشدا گوتى: "هه‌ندێ کەناڵ و ده‌زگاى میدیایی هه‌یه خۆی ته‌رخان كردووه بۆ هه‌ولێر، فه‌رموو له ته‌نیشت ئێمه شارى مووسڵه، بەداخەوە سێ كه‌س گیانیان له ده‌ست داوه و چەند شوێنێک زیانى زۆر گەورەیان بەرکەوتووە بەهۆى دروستبوونى لافاو، ئه‌و به سهنتهركردنهی شارى هه‌ولێر، كاریگه‌ریی له‌سه‌ر ده‌روونی خه‌ڵك ده‌بێ، ئێمە سوپاسى هاوڵاتییان دەکەین کە لەگەڵ تیمەکانى حکومەت هاوکاربوون، حكومه‌ت ئه‌ركیه‌تی و بڕیارى خودی جەنابى سه‌رۆكی حكومه‌تى هەرێمى کوردستانە کە له دوێنێوه له‌گه‌ڵ هه‌موو لایه‌كمان له‌سەر هێڵ بووە و بەدواداچوونى بۆ هەموو ڕەوشەکە کراوە، ئه‌وه‌ی له توانای ئیمکانیەتى حكومه‌تدا بوو کراو و دەکرێت، بەردەوام دەبێت، حکومەت خاوه‌نی ئەوخەڵکەیە و بەرگرى لە پاراستنى ئەو خەڵکە دەکات، ئەرکمانە و هیچ منەتێکى تێدانییە هه‌موو تیمه‌كان له خزمه‌تی خه‌ڵك و هاووڵاتیانین، ئێستاش کارى تیمەکان بەردەوامە، هیوادارین دەزگاکانى ڕاگەیاندنیش زۆر پیشەییانە دوور لە هەندێک مەغزا و مەبەستى تایبەت ڕووماڵى ئەو بابەتە بکەن".
جێگەى باسە، ماوەى چەند مانگێکە لە چوارچێوەى هەوڵەکانى پارێزگاى هەولێر بۆ کەمکردنەوەى مەترسی ڕوودان و ڕێگەگرتن لە دروستبوونى لافاو و ئامادەکارى بۆ ڕووبەڕووبوونەوەى هەر ئەگەرێکى نەخوازراوی گۆڕ‌انى کەش و هەوا لە وەرزى باران بارینى ئەمساڵ، لەلایەن فەرمانگە خزمەتگوزاریی و پەیوەندیدارەکان بەشێوەیەکى فراون لە سنوورى پارێزگاى هەولێر دەستکراوە بە پاککردنەوەى کەند و ڕێرەوە سروشتیەکانى ئاوى باران و چەپەرەکانی ئاو وەرگرتن و مەنهۆلەکان و خاوێنكردنەوەی ئاوەڕۆكکان کراوە و پڕۆسەکە تا ئەمڕۆش بەردەوامە.