پارێزگاری هەولێر: "شێڵتەری سەگە بێلانەکانی هەولێر باشترینە لە سەر ئاستی عێراق و هەرێمی کوردستان"

پارێزگاری هەولێر:

پارێزگاری هەولێر: "شێڵتەری سەگە بێلانەکانی هەولێر باشترینە لە سەر ئاستی عێراق و هەرێمی کوردستان"

ئەمڕۆ شەممە 2023.12.2، ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر، بە یاوەرى مەسعود کاڕەش، جێگرى پارێزگار و نەبەز عەبدولحەمید، قائیمقامى ناوەند و عەبدولواحید ئەحمەد، سەرۆکى شارەوانى هەولێر و جێگرى سەرۆکى شارەوانى و بەڕێوەبەرى فەرمانگەى خزمەتگوزارى ژینگە پارێزى، بە مەبەستى لە نزیکەوە ئاگاداربوون لە چۆنیەتى بەڕێوەچوونی پڕۆسەی کۆکردنەوەی سەگی بێلانە و ڤاکسینکردنیان، شێڵتەری سەگی بێلانەی هەولێرى بەسەرکردەوە.

لە بەسەرکردنەوەکەیدا، پارێزگارى هەولێر دواى ئەوەى لە نزیکەوە لە کاروبارەکانى شێڵتەرى ناوبراوى کۆڵییەوە و بەدواداچوونى بۆ چۆنیەتى ڕێرەوەى چارەسەری پزیشکی ڤێتێرنێری شێڵتەرەکە کرد، دەستخۆشى لە بەڕێوەبەر و پزیشک و کارمەند و ستافەکەى کرد بۆ ئەنجامدانى کارەکانیان بەڕێک و پێکى.

پاشان لە کۆنگرەیەکى ڕۆژنامەوانى بۆ کەناڵەکان، رایگەیاند: "لە رۆژی 01-10-2023 تاوەکو ئەمڕۆ، کە دەکاتە زیاتر لە دوو مانگ، زیاتر لە 3000 سەگی بێلانە بە شێوازێکی زۆر دروست و رێکوپێک بۆ شێڵتەرەکە گواستراونەتەوە و پڕۆسەکە بەردەوامە، کۆکردنەوەی 3000 سەگ، واتا سێ هەزار گرفت لە نێو شار گواستراونەتەوە و رۆژانەش 80 سەگ دەگوازرێنەوە و بەهۆی پڕۆسەکەوە حاڵەتەکانی پەلاماردانی هاووڵاتییان لەلایەن سەگەکانەوە زۆر زۆر کەمبووەتەوە".

پارێزگارى هەولێر ڕاشیگەیاند: "بێجگە لەمەش "رێژەی لەناوچوونی سەگە بێلانەکانیش لە نێو شار زۆر کەمبووەتەوە، چونکە پێشتر خەڵک پەلاماریان دەدان و دەیانکوشتن یان بە رووداوی هاتووچۆ گیانیان لەدەست دەدا".

پارێزگاری هەولێر جەختى لەوەش كردەوە، شوێنی خواردن، ئاو خواردنەوە، سێبەر و خۆپارێزی لە تیشکی هەتاو و باران بۆ هەموو ئەو سەگانە دابین کراوە کە لەنێو شێڵتەرەکەدان، گوتیشى: "رۆژانە نزیکەی چوار تۆن خواردن بۆ سەگەکان دابین دەکرێت، بەشێکی خواردنگەکانی هەولێر بە دابینکردنی بەشێکی خواردن بۆ سەگەکان پابەندکراون و رۆژانە بۆ شێڵتەرەکە دەگوازرێتەوە".

هەروەها ڕایگەیاند: "سوپاسی هەر لایەنێک دەکەین کە بیەوێت هاوکاری سەگەکان بکات و خواردن و خواردنەوەیان بۆ دابین بکات، هەر کەسێک بیەوێت بەدواداچوون بۆ دۆخی شێڵتەرەکە و سەگەکان بکات، رۆژنامەنووس بێت یان ئاژەڵدۆست، دەتوانێت سەردانی بەڕێوەبەرایەتیی خزمەتگوزاری و ژینگەپارێزی هەولێر بکات بۆ ئەوەی باجێکی تایبەتی بۆ دروستبکرێت، دواتر رێگەی پێ دەدرێت بچێتە ناوەوەی شێڵتەرەکەوە".

پارێزگاری هەولێر جەختى لەوەشکردەوە، ئەو شێڵتەرەی کە لە هەولێر بۆ سەگی بێلانە دروستکراوە، باشترینە لەسەر ئاستی عێراق و هەرێمی کوردستان، رۆژنامەنووسان دەتوانن بچنە ناوەوەی شێڵتەرەکە و، شوێنی مانەوە و خواردنی سەگەکەکان بەچاووى خۆیان ببینن، گوتیشى: "پێش دروستکردنی شێڵتەرەکە لەگەڵ ئاژەڵدۆستان، رێکخراو و گرووپی ناوخۆیی و بیانی کە لەم بوارەدا کاردەکەن کۆبووینەوە و سەرنج و تێبینییەکانیان لەبارەی دروستکردنی شێڵتەرێکی سەردەمیانە بۆ سەگی بێلانەی هەولێرمان وەرگرت، ئینجا بڕیارمان دا ئەم شێڵتەرە دروست بکەین".

لەکۆتایشدا پارێزگاری هەولێر ڕایگەیاند: "رێگە بەوانە نادەین کە لەپێناو بەرزکردنەوەی ژمارەی بینەرەکانیان و بەدەستهێنانی چەند کۆمێنت و لایکێک، لە بەر دەرگای شێڵتەرەکە لایڤێک بکەنەوە و بە جۆرێک هەڵسوکەوت بکەن کە لە گرنگیی شوێنەکە کەم بکەنەوە".

جێگەى باسە، ماوەی چەند ساڵێكە لە كوردستان بەگشتیى و شارى هەولێر بەتایبەتى دیاردەی سەگی بێلانە مەترسی زۆری بۆ سەرگیانی هاووڵاتیان دروستكردبوو و تا دەهات ژمارەی ئەو سەگە بێلانانەش زیاتردەبوون، ڕۆژانەش لێرە و لەوێ‌ ئەو سەگە بێلانانە پەلاماری منداڵ و گەورە و پیر و بەساڵاچووانیان دەدا، هەبوونی ئەو هەموو سەگە بێلانانە لەناو شاری هەولێرى پایتەخت جگە لە زیان گەیاندن بە هاووڵاتیان دیمەنی پایتەختیان شێواندبوو و هاووڵاتیانیش لە دەست ئەو سەگانە هەراسان ببوون و كار گەیشتبووە ئەوەى هیچ دایك و باوكێك زاتی ئەوەى نەدەکرد منداڵەكانیان بنێرن بۆ دەرەوەی ماڵ و بەشێكى زۆرى ئەوانەشى زیانیان بەركەوتوو و بوونە قوربانی دەستی ئەو سەگانە منداڵان بوون، هەربۆیە پارێزگاى هەولێر بەگوژمەى (450 ملیۆن دینار) لەسەر بودجەى پارێزگا و لە سەر ڕووبەرى (20) دۆنم زەوی و بە دوورى (15) کیلۆمەتر لە ناوەندی شارى هەولێر، شێڵتەرێکى سەردەمیانەى بۆ کۆکردنەوەی سەگی بێلانە و ڤاکسینکردنیان دروستکرد، لە ماوەى چەند مانگى ڕابردووشدا زیاتر لە 3000 هەزار سەگى بێلانە لەو شێڵتەرە کۆکراوەتە، کە مانگانە تەنها بۆ گرتن و کۆکردنەوەی سەگی بێلانە نزیکەی 10 ملیۆن دینارى پێویستە.