ڕوونکردنەوەیەک لە بارەی شێڵتەری سەگى بێلانەی هەولێرەوە

ڕوونکردنەوەیەک لە بارەی شێڵتەری سەگى بێلانەی هەولێرەوە

ڕوونکردنەوەیەک لە بارەی شێڵتەری سەگى بێلانەی هەولێرەوە

چەند رۆژیک لەمەوبەر ئافرەتێکی بیانی، سەردانی بەرێوەبەرایەتی خزمەتگوزاری ژینگەپارێزی هەولێرى کرد و ئامادەیی خۆی دەربڕی کە بە تیمی خۆبەخش و دابینکردنی دەرمان هاوکاری شێڵتەرى سەگى بێلانەى هەولێر بکات، وەکو بەرێوەبەرایەتی فەرمانگەى ژینگە پارێزى هەولێر، داواکاریەکەمان قەبوڵکرد و سوپاسى هەرکەس و لایەنێک دەکەین کە هاوکارمان بێت، دوێنێ سێشەممە داوای چوونە ژوورەوەی شێڵتەرى کرد و ڕازامەندی پێ درا، ئەمڕۆ چوارشەممە بڕیار بوو برێک دەرمان ببات وەک یارمەتى بۆ شێڵتەر، بەڵام بەداخەوە لەکاتی چوونە ژوورەوەی بەووشەى نەشیاو بێ ڕێزیەکی زۆری بەرامبەر بە ستافی شێڵتەر و پزیشکانى ڤێتێرنەری کردووە کە تەمەنێکی زۆریان هەیە لەو بوارەدا، سەربارى ئەوەش خۆی وانیشانداوە کە بەهۆی پاڵپشتی هاوسەرەکەیەوە دەتوانێت هەر کار و ڕەفتارێک ئارەزوو بکات ئەنجامی بدات، لەگەڵ دوو کەسى دیکە کە هاوکارى بوونە، خۆیان تێکەڵ بە هەندێک بابەت کردووە کە دوور و نزیک پەیوەندی بە ئەوانەوە نییە (بۆ نموونە ناڕەزاییان دەربڕیوە لەوەى بۆچی خواردن و ئاو لە ناو قەفسی ئاژەڵەکاندا نییە، بێئاگا لەوەى بە پێی ڕێنمایی ڤێتەرنەری ئەو ئاژەڵی نەشتەرگەری بۆ دەکرێت، نابێ ئاو و خواردنی تا ماوەیەک پێ بدرێت)، ئەوە سەربارى ئەوەى هەوڵی وێنەگرتن و ڕیکۆردی ڤیدیۆیان داوە لە کاتێکدا پێشوەختە پێیان گوتراوە بەپێى ڕێنماییەکان هیچ کەس بۆى نییە وێنەبگرێ و وێنەگرتن ڕێگەپێدراو نییە، بۆیە لەلایەن تیمەکانمانەوە رێگریان لێ کراوە تاوەکو کێشە و گرفتی زیاتر بۆ شێڵتەرەکە دروست نەکەن.

بۆ بەرچاووڕونی هاوڵاتییان، شێڵتەری سەگى بێلانەى هەولێر لەسەر ئاستی عێراق و هەرێمى کوردستان، بە تەواوی مەرجە تەندروستی و ژینگەییەکان دروستکراوە و ئاژەڵەکانیش بە پێی ڕێکارە تەندروستیەکان مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت، وەکو بەرێوەبەراتی خزمەتگوزارى ژینگە پارێزى هەولێریش بەفەرمان و ڕاسپاردەی بەڕێز پارێزگاری هەولێر دەرگای شێڵتەرى سەگى بێلانەى هەولێر بەرامبەر هەر ئاژەڵ دۆستێک کراوەیە کە بیەوێت دەستی هاوکاری و یارمەتی بۆ شێڵتەر درێژبکات و بەگەرمى پێشوازی لێدەکەین و سوپاسى دەکەین، بەومەرجەى ڕێنماییە تایبەتیەکانى شێڵتەر جێبەجێ بکات و پێشێلیان نەکات، بەپێچەوانەوە هەرکەس و لایەنێک ڕێنماییەکان جێبەجێنەکات ڕێکارى یاسایی بەرامبەری دەگیرێتەبەر، بۆ ئەو ڕووداوەى ئەمڕۆش ڕوویداوە پارێزگای هەولێر لێکۆڵینەوە لە بابەتەکە دەکات و ڕێکارى یاسایی بەرامبەر ئەو کەس و لایەنە دەگیرێتەبەر کە کەمتەرخەم بووە و کاری نەشیاو وڕەفتارى نابەجێی ئەنجام داوە.

بەرێوەبەراتی خزمەتگوزارى ژینگە پارێزى هەولێر
2023.12.27