پارێزگاری هەولێر: "ژمارەیەک لە دەزگاکانی راگەیاندن بڕیاری هەرزانکردنی نرخی نان و سەموونیان بەلاڕێدا برد"

پارێزگاری هەولێر:

پارێزگاری هەولێر:
"ژمارەیەک لە دەزگاکانی راگەیاندن بڕیاری هەرزانکردنی نرخی نان و سەموونیان بەلاڕێدا برد"

ئەمڕۆ سێشەممە 2024.1.9، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، لە بارەی جێبەجێکردنی بڕیارێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ هەرزانکردنی نرخی نان و سەموون لە نانەواخانە و سەموونخانەکان، کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانی ئەنجامدا و ڕایگەیاند: "لە زووترین کاتدا لە سنووری پارێزگای هەولێر و بەتایبەت قەزای ناوەندی؛ دەست بە جێبەجێکردنی بڕیارەکە دەکەین کە لە ئەنجامدا هەموو هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان لەو بڕیارە سوودمەندن".

گوتیشى: "لە شارى هەولێر نرخى هەر (10) نان و سەموون بە (1 هەزار دینار) دەبێت و هەر سەموونخانەیەک و نانەواخانەیەکیش پابەندى بڕیارەکە نەبێت رووبەڕووى رێکارى یاسایی دەبێتەوە".

پارێزگاری هەولێر، لەبارەى بڕیاری هەرزانکردنی نرخی نان و سەموون، ڕایگەیاند: " بەداخەوە ژمارەیەک لە دەزگاکانی راگەیاندن بڕیاری هەرزانکردنی نرخی نان و سەموونیان بەلاڕێدا برد و بابەتەکەیان وەک خۆی نەگەیاند، نانەواخانە و سەموونخانەکان وا تێگەیەندران کە پاڵپشتى و هاوکاریی دەکرێن، تەنها بڕیاردراوە 10 نان و سەموون دەکرێت بە هەزار دینار بفرۆشرێت و لە بەرامبەردا هیچیان بۆ نەکرێت، ئەوە ڕاست نییە. پێش ئەوەی بڕیارەکە بدەین، داواکارییەکانیانمان جێبەجێکردبوون".

سەبارەت بە پاڵپشتى و هاوکاریی سەمونخانە و نانەواخانەکان گوتى "لە رابردوودا خاوەن نانەواخانە و سەموونخانەکان داواکارییان ئەوە بوو نرخی کارەبایان بۆ هەرزان بکرێت بۆ 50٪ و ئەوە داواکارییە جێبەجێکرا، ئێستاش داواکارییان ئەوە بووە غازیان بۆ دابینبکرێت، ئەمڕۆ هەر نانەوایەک لە بازاڕی ئازاد بیەوێ گاز بکڕێت، لیترێکی بە 600 دینار پێدەفرۆشن، بەڵام بە شێوەیەکی پاڵپشتیکراو لیترێک گازیان بە 300 دینار بۆ دابین دەکەین، واتا سەدا 50ـی ئەو نرخەش کەمکراوەتەوە، ئێستا فەردەی ئارد لە بازاڕەکان بە 34 هەزار دینارە، بەڵام بۆ خاوەنی نانەواخانە و سەموونخانەکان، بە 29 هەزار دینارە و ئەمەش وەکو حکومەت چاودێریی کواڵێتییەکەی دەکەن. لەگەڵ کڕینی هەر تۆنێک ئاردیش، فەردەیەک ئاردیان بێبەرامبەر پێ دەدرێت".

پارێزگاری هەولێر ڕاشیگەیاند: "ئێمە پێش ئەوەی میکانیزمی جێبەجێکردنی بڕیارەکە بخەینەکار، بڕیارمان لە سەرجەم ئەو پاڵپشتییانە داوە کە بۆ خاوەن نانەواخانە و سەموونخانەکان دەستەبەر دەکرێن و دڵنیایان دەکەینەوە کە بڕیارەکە لە قازانجی ئەوانە، ئەو لایەنانەش کە ویستیان بابەتەکە بەراوەژوو بکەنەوە، دڵنیایان دەکەین کە ئێمە بەردەوامدەبین لە خزمەتکردنی خەڵک و کاسبکارانی پارێزگاکەمان".

پارێزگاری هەولێر دووپاتیشيکردەوە " لە سنووری پارێزگای هەولێر 1800 نانەواخانە و سەموونخانە هەن، ئێمە لە خاوەنی ئەو نانەواخانە و سەموونخانەش بەرپرسیارین و وەکو کاسبکارانی پارێزگاکەمان نابێت زەرەمەندببن، جەختيشی لەوەکردەوە، ئامانجی حکومەت خزمەتکردنی خەڵک و کۆنترۆڵکردنی دۆخی بازاڕە لە هەموو بوارەکاندا، کە ئەمەش داواکاریی هاووڵاتییانە".

لە کۆتایشدا پارێزگاری هەولێر، سەبارەت بەو کەسەشى کە هەندێک قسە کە نەدەبوا بیکات بەرامبەر هاوڵاتییانى شارى هەولێر کردى، گوتى: "ئەو کەسە یەکێک لە کاسبکارەکانی شارەکەمانە، ئەو پەیامەی ئێستا راگەیەنرا کە دوێنێ بەشێکی زۆر لە خاوەن نانەواخانەکان و خەڵک پێیان گەیشتبوو، نزیکەی 20 خاوەن نانەواخانە پەیامەکەیان پێ نەگەیشتبوو، ئەو کەسە هەر رەخنەیەکی لە حکومەت گرتووە، بەلای حکومەتەوە ئاساییە و ئێمە لەسەر بنەمای دیموکراسی کە وڵاتێکی دیموکراتین و باوەڕمان چەسپاندنی دیموکراسییەتە، هەر بۆچوون و سەرنجێک لە چوارچێوەی لۆژیکدا بێت، بەو رەخنانە دەوڵەمەند دەبین و هەڵەکانمان چاکدەکاتەوە، ئەو گەنجە تۆزێک سەرگەرمانە هەڵسوکەوتی کرد و بەداخەوە هەندێک قسە کە نەدەبوا بیکات، بەرامبەر شارەکە و خەڵکی شارەکە، کردی. لەو چوارچێوەیەدا بۆ هێورکردنەوەی جەوەکە لەلایەن دەزگە پەیوەندیدارەکانەوە بانگکرا و ئێستاش ئەو گەنجە لە دەرەوەیە و دوای ئەوەی داوای لێبوردنی لە خەڵکی هەولێر کرد، هەموو قسەکانی لای ئێمە کۆتایی پێهات".