لە هەولێر .. ڕێورەسمێکى تایبەتی بۆ ڕۆحی شەھیدانی هێرش و پەلامارەکەى سوپاى پاسدارانى ئێران ڕیکخرا

لە هەولێر .. ڕێورەسمێکى تایبەتی بۆ ڕۆحی شەھیدانی هێرش و پەلامارەکەى سوپاى پاسدارانى ئێران ڕیکخرا

لە هەولێر ..
ڕێورەسمێکى تایبەتی بۆ ڕۆحی شەھیدانی هێرش و پەلامارەکەى سوپاى پاسدارانى ئێران ڕیکخرا

دواى نیوەڕۆى ئەمڕۆ دووشەممە 2024.1.22، بە ئامادەبوونى د.محەمەد شوکرى، سەرۆکی دەستەی وەبەرھێنان و ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر و سەفین دزەیی، بەرپرسى فەرمانگەى پەیوەندییەکانى دەرەوەى حکومەتى هەرێم و موسا ئەحمەد، سەرۆکى دەزگاى خێرخوازى بارزانى و ئەحمەد ڕێکانی، سەرۆکی یەکێتی وەبەرھێنەرانـی کوردستان و گەیلان حاجى سەعید، سەرۆکى ژوورى بازرگانى و پیشەسازى هەولێر و کەس و کار و خانەوادەى شەهید پێشڕەو دزەیی و ژمارەیەکى زۆر لە وەبەرھێنەر و پیاوانى کارى دیارى شارى هەولێر، لە بەردەم پەیکەری وڵات لە ئیمپایەر، ڕێورەسمێکى تایبەت بۆ ڕۆحی شەھیدانی هێرش و پەلامارى هەفتەی ڕابردووی سوپای پاسدارانی ئێران بۆ سەر هەولێرى پایتەختى هەرێمى کوردستان سازکرا.

دواى دانانى تاجە گوڵینەى ڕێز و وەفا بۆ شەهیدانى کارەساتەکە لەلایەن ئامادەبووان، وێڕای دەربڕینی ھاوخەمی بۆ خانەوادەی شەهیدان، ھاوکات ڕۆڵی وەبەرھـێنەر شەهید پێشـڕەو دزەیی بەرز نرخێنرا لە کاری خێرخوازی و پرۆسەی وەبەرھـێنان و ئاوەدانی لەھەرێمی کوردستان بەگشتى و هەولێرى پایتەخت بەتایبەتى.

جێگەى باسە، شەوی دووشەممە لەسەر سێشەممەى هەفتەى ڕابردوو، کاتژمێر 11:30 خولەکی شەو لە ئەنجامى هێرش و پەلامارى سوپای پاسدارانی ئێران ماڵەکەی پێشڕەو دزەیی، سەرمایەدار و خاوەنی کۆمپانیای ئیمپایەر و گرووپی فاڵکۆن کرایە ئامانج و لە ئاکامى هێرشەکەدا پێشڕەو دزەیی و ژیناى کچی کە تەمەنى لە خوار یەک ساڵان بوو و میوانێکی و کارگوزارێکی ماڵەکەی شەهید بوون و خێزانی و دوو منداڵی دیکەشی بەسەختى بریندار بوون.