پارێزگاری هەولێر: "ئەو کەسانەی دەچنە سەیرانگاکان و شوێنە گشتییەکان، پاک و خاوێنیی شوێنەکە وەکو ئەرکێکی ئاینى و ئەخلاقی بپارێزن"

پارێزگاری هەولێر:

پارێزگاری هەولێر:
"ئەو کەسانەی دەچنە سەیرانگاکان و شوێنە گشتییەکان، پاک و خاوێنیی شوێنەکە وەکو ئەرکێکی ئاینى و ئەخلاقی بپارێزن"

ئەمرۆ دووشەممە 2024.4.22، لە ژێرچاودێرى ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر و بە ئامادەبوونی جێگری کونسوڵی بریتانیا لە هەولێر و کارزان عبدولهادی، سەرۆکی شارەوانی هەولێر و ناز جەلال، بەرێوەبەری بەرێوەبەرایەتی کۆچ و کۆچبەران و وڵامدانەوەی قەیرانەکان و بەرێوەبەری ناحیە و شارەوانی کەسنەزان و ژمارەیەکی دیکە لە نوێنەرانى رێکخراوە بیانی و ژینگە پارێزیەکان، لە پێناو خاوێن راگرتنی سەیرانگاکان و پاراستنى ژینگەى شارى هەولێر، بەبۆنەى ڕۆژى جیهانى زەوى هەڵمەتێک بۆ پاک و خاوێن راگرتنی سەیرانگاکانی کەسنەزان بەرێوەچوو.

لەوبارەیەشەوە، پارێزگارى هەولێر، وێڕاى دەست خۆشى لە سەرپەرشتیاران و ئەنجامدەرانى هەڵمەتەکە، هەڵمەتەکەى بە هەنگاوێکى گرنگ وەسفکرد لە پێناو پارێزگاریکردن لە پاکڕاگرتنى ژینگەى شاری هەولێر و ده‌وروبه‌ری.

لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیشدا، بۆ کەناڵەکان پارێزگاری هەولێر ڕایگەیاند، پاک ڕاگرتن و پارێزگاری کردنی ژینگە بەشێکە لە بیرکردنەوە و کەسایەتیی ئەو کەسانەی کە دەچنە سەیرانگاکان، ئەوەی دەچێتە سەیرانگاکان مرۆڤە، ئەوەی پیسیشی دەکات هەر مرۆڤە.

گوتیشی: "پەیامی من بۆ ئەو کەسانەیە کە دەچنە گەشت و سەیران یاخود شوێنە گشتییەکان یان شوێنی کارەکەی، بە خاوێنی ڕایگرن، ئەگەر بە خاوێنی ئەو شوێنەی بۆی دەچێت پاک ڕاینەگرێت، کەواتە ئەو مرۆڤە هیچ خۆشەیستی بۆ کار و ماڵ خاک و نیشتمان نییە. هەروەها بابەتی ژینگە بابەتێکە ئەخلاقی و ئاینی و مرۆییە، لە هەموو ئاینەکاندا بابەتی پاک و خاوێنی یەکێکە لە بنەما سەرەکییەکان."