بۆ جێبەجێکردنى فەرمان و ڕاسپردەکانى سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان، لە دیوانى پارێزگا کۆبوونەوەیەکى فراوان ئەنجامدرا

بۆ جێبەجێکردنى فەرمان و ڕاسپردەکانى سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان، لە دیوانى پارێزگا کۆبوونەوەیەکى فراوان ئەنجامدرا

بۆ جێبەجێکردنى فەرمان و ڕاسپردەکانى سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان، لە دیوانى پارێزگا کۆبوونەوەیەکى فراوان ئەنجامدرا

ئەمڕۆ سێشەممە 2024.5.7، بۆ جێبەجێکردنى فەرمان و ڕاسپردەکانى ڕێزدار مەسرور بارزانى، سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان، بە سەرپەرشتى ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر، لە دیوانى پارێزگا، بە ئامادەبوونى جێگرانى پارێزگار و یاریدەدەر و قائیمقامى ناوەندى، سەرۆکى شارەوانى و بەرێوەبەرانى گشتیى بەرگرى شارستانى، کارەبا و بەڕێوەبەرانى ئاوى هەولێر، شارەوانى یەک، کاروبارى ناوخۆ، قەیرانەکان، ژینگە پارێزى، کۆبوونەوەیەک ئەنجامدرا.

لە کۆبوونەوەکەدا، پارێزگارى هەولێر، وێڕاى دەستخۆشى لە تیمەکانی (بەرگری شارستانی، پۆلیس، ئاسایش، زێرەڤانی، هاتووچۆ، تەندروستی، شارەوانی، قائیمقامیەتى ناوەندى، پۆلیسى شارەوانى، قەیرانەکانى پارێزگا، دەزگاى خێرخوازى بارزانى، ژینگە پارێزى) لە بەرامبەر ئەنجامدانى ئەرکەکان و هەوڵەکانیان بۆ کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکە و بە هاناوەچوونی دوکاندار و زیانلێکەوتووانى بازاڕى قەیسەرى، جەختى لە بەپەلە دەستکردن بە پاککردنەوە و ڕێکخستنەوەى سەرتاسەرى بازاڕەکە و کردنەوەى بازاڕەکە بە ڕووى دوکانداران و هاوڵاتییان کردەوە و لایەنە پەیوەندیدارەکانى ڕاسپارد لیژنەیەکى هونەرى پێکبهێنرێت بۆ خەمڵاندنى نۆژەنکردنەوەى ئەو دوکان و شوێنانەى کە بە هۆى کەوتنەوەى ئاگرەکەوە زیانیان پێگەیشتووە.

هەروەها جەخت لە لیژنەی لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون لە هۆکاری کەوتنەوەی ئاگرەکەى قەیسەرى هەولێر کرایەوە کە پەلە بکات لە ئاشکراکردنى هۆکارەکانی ڕووداوی ئاگرکەوتنەوەکە لە زووترین کاتدا بۆ ڕای گشتیى، کە ئایا ڕووداوەکە بە هۆی کەمتەرخەمی و پابەندنەبوون بووە بە ڕێنماییەکان، یان دەستێکی خراپکار لە پشت ڕووداوەکەدا هەن.

لە تەورێکى ترى کۆبوونەوەکەدا، پارێزگاری هەولێر، سەرۆکایەتى شارەوانى، بەرگرى شارستانى، بەڕێوەبەرایەتى کارەباى هەولێرى دەستکراوە کرد بۆ هەڵگرتن و لادانى سەرجەم زێدەڕۆیی و سەرپێچیەکان و هەموو ئەو مەترسیانە کە دەبنە هۆکارى دروستبوونى ڕووداوى لەمشێوەیە لە نێو بازاڕى قەیسەرى و سەرجەم بازاڕە میللیەکان و شوێنەگشتییەکانى دیکەى شارى هەولێر.

پاشان لە پێناو پاراستنى شوێنە گشتییەکان و سەلامەتى گیانى هاوڵاتییان، تەئکید لە دەستپێکردنى هەڵمەتێکى هوشیارکردنەوە لەلایەن بەرگرى شارستانی کرایەوە، کە لە هەڵمەتەکەدا زانیاری بدات بە خەڵکی گشتیی و کاسبکاران و دوکانداران لە چۆنیەتی ڕێگریکردن و خۆپاراستن لە کەوتنەوەی ئاگر لە ژینگەی ماڵەوە و شوێنی کارکردن و بەکارهێنانى ئامێرەکانى ئاگر کوژێنەوە لە کاتى پێویستدا، ئەوە سەڕاى ئەوەى کۆبوونەوە بە پێویست زانى لە شوینە گشتیەکان و بازاڕ و ناوەندەکان سیستەمی ئاگر کوژێنەوە جێگیر بکرێت، هەروەها بەڕێوەبەرایەتى گشتیى بەرگرى شارستانى هەولێر ڕاسپێردرا لە ڕاپۆرتێکدا داوکارییەکانى خۆی بۆ دابینکردنى سەرجەم کەل و پەل و پێویستیی و کەم و کوڕییەکانیان بخەنە ڕوو.

جێگەى باسە، شەوی 2024.5.5، ئاگرێکی گەورە لە بازاڕی قەیسەرى شاری هەولێر کەوتەوە و بەهۆیەوە لە کۆی زیاتر لە (4000) دوکان، (227) دوکان و (7) کۆگایى بچووکى بازاڕەکە سووتان و زیانیان پێگەیشت.