پارێزگارى هەولێر، پێشوازى لە شاندێکى ڕێکخراوى UNHCR
پارێزگارى هەولێر، پێشوازى لە شاندێکى ڕێکخراوى UNHCR
ئەمڕۆ چوارشەممە 2023.12.13، ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر، لە دیوانى پارێزگا، پێشوازى لە شاندێکى ڕێکخراوى UNHCR کرد، کە پێکهاتبوو لە ئەکاسیۆ جەعفەر، بەرپرسى پێشووى نووسینگەى هەولێرى ڕێکخراوەکە و ئارمین هۆشۆ، بەرپرسى نوێى نووسینگەى ڕێکخراوى ناوبراو.
لە دیدارەکەدا، کە بەڕێوەبەرى EJCCى پارێزگاى هەولێر ئامادەى بوو، بەرپرسى پێشووى نووسینگەى هەولێرى ڕێکخراوى UNHCR، سوپاسی پارێزگارى هەولێرى کرد بۆ پێشوازیەکەى و پاڵپشتى و هەماهەنگى و هاوکارى بەردەوامى بەڕێزیشیانى بۆ ڕێکخراوەکەیان بەرز نرخاند، هەروەها ستایشی ڕۆڵى پارێزگار و تیمى پارێزگاى هەولێرى کرد لە سەرجەم ئەو کارانەى کە لە ماوەى ڕابردوودا بە هاوبەشى لەگەڵ ڕێکخراوەکەیان بۆ خزمەتکردنى ئاوارە و پەنابەران لە سنوورى پارێزگاى هەولێر ئەنجامینداوە.
لە بەرامبەردا پارێزگارى هەولێر هەوڵ و کارەکانى "ئەکاسیۆ جەعفەر"ى لە ماوەى ڕابردوو لە هەولێرى پایتەخت بەرز نرخاند و دەستخۆشى لە هامەهانگى و هاوبەشى لەگەڵ پارێزگاى هەولێر کرد و هیواى سەرکەوتنى لە کارى داهاتووى بۆ خواست، هەروەها پیرۆزبایی لە "ئارمین هۆشۆ" کرد بهبۆنهى دهستبهكاربوونى وەک بەرپرسى نووسینگەى هەولێرى ڕێکخراوى UNHCR و هەموو پاڵپشتى و هاوکارى و هەماهەنگییەکى پارێزگا و تیمى پارێزگاى هەولێرى نیشاندا بۆ سەرخستنى کارەکانى و جەختی لە سەر پێکەوەکارکردن لە پێناو خزمەتکردنى ئاوارە و پەنابەرانى کەمپەکانى سنوورى پارێزگاى هەولێر کردەوە.
لە کۆتایدا، شاندى میوان دووبارە سوپاسى پارێزگارى هەولێریان کرد بۆ پاڵپشتى و هاریکارى ڕێکخراوەکەیان و جەختیان لە کۆمەک و یارمەتییدانى بەردەوامى ئاوارە و پەنابەران لە چوارچێوەى پرۆژەکانیان بە هاوبەشى پارێزگاى هەولێر کردەوە، ئامادەیی خۆشیان نیشاندا بۆ پێشکش کردنی هاوکاری زیاتر بۆ ئاوارەکان لە سنوورى پارێزگاى هەولێر، ههروهها سوپاسی تیمى پارێزگاى هەولێر و بەڕێوەبەر و بەڕێوەبەرایەتى EJCCى پارێزگایان کرد بۆ هاوکاری بەردەوامیان لە کاتى ئەنجامدانی پرۆژە و کارەکانیان لە هەولێرى پایتەخت.