لە هەولێر.. میدالیای زێڕ و چەپکە گوڵی ڕێز و وەفا بەخشرایە هونەرمەند "سەعدون یونس"
لە هەولێر..
میدالیای زێڕ و چەپکە گوڵی ڕێز و وەفا بەخشرایە هونەرمەند "سەعدون یونس"
ئێوارەى دووشەممە 2024.8.12، لە ژێرچاودێری ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر و بەئامادەبوونی د.عەلی ڕەشید، سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر و فەرهەنگ غەفوور، بەڕێوەبەرى گشتیى ڕۆشنبیرى و هونەرى هەولێر و هیوا سوعاد، سەرۆکى لقى هەولێرى سەندیکاى هونەرمەندانی کوردستان و ژمارەیەکى تر لە هونەرمەندانى شانۆکار و هونەردۆست و نووسەر و ئەدیب و شاعیر و ڕۆشنبیر و هاوڕێیانی، لە باخچەی سەندیکای هونەرمەندان لە هەولێرى پایتەخت، لە مەراسیمێکدا میدالیای زێڕ و چەپکە گوڵی ڕێز و وەفا بەخشرایە هونەرمەندى دیارى دراما و سینەما و شانۆى کوردى "سەعدون یونس".
لە مەراسیمەکەدا پارێزگارى هەولێر، لەوتارێکدا ستایشی خزمەتکردنی هونەری کوردی لەلایەن هونەرمەند "سەعدون یونس" کرد و تیشکى خستەسەر ڕۆڵى مێژووى ناوبرا لە پێشخستن و پەرەپێدانى دراما و سینەما و شانۆى کوردى و خزمەت و کارە هونەرییەکانى ناوبراوى بەرزنرخاند، هەروەها ئاماژەی بەوەدا کە هونەرەکەی لە نێو کۆمەڵگادا ڕێزلێگیراوە، گووتیشی: "ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەو ماندووبوون و خزمەتەی کە زیاتر لە 50 ساڵە پێشکەشی هونەر و گەلەکەی کردووە، کە ئەوەش بێ قوربانیدان نەبووە، بۆیە سەعدون یونس ماییەی شانازی کوردستان بەگشتیی و هەولێری پایتەخت بەتایبەتیە، ئەمڕۆش ئەو ڕێزلێنانە، ڕێزلێنانە لە سەعدون یونس و هەموو سەعدونەکان و ئەوانەشی کە لەوشارەدا خزمەتێکیان پێشکەش کردووە".
لە کۆتایی مەراسیمەکەشدا، لە پای ئەو خزمەتە زۆرەی بەهونەرى کوردى کردووە لەلایەن پارێزگارى هەولێرەوە میدالیای زێڕ و چەپکە گوڵی ڕێز و وەفا بەخشرایە هونەرمەند.
سەعدون یونس هونەرمەند و دەرهێنەرى دیارى دراما و سینەما و شانۆى کوردى لە ساڵى 1948 لە هەولێر لەدایک بووە، ساڵی 1966 خانەی مامۆستایانی لە هەولێر تەواو كردووە، ساڵی 1973 بەشی دەرهێنانی لە پەیمانگەی هونەرە جوانەكانی بەغدا تەواو كردووە و خاوەنی زیاتر لە 120 بەرهەمی شانۆیی و دراما و فیلمی سینەماییە، لەنێویاندا “هەبوو نەبوو” و “کەونە دەرکە” کە لە سیناریۆ و دەرھێنانی خۆیەتى و هەرخۆشى ڕۆلى سەرەکى لە بەرهەمەکەدا هەیە.