تاران ... جێگری سەرۆککۆماری ئێران، پێشوازیی لە پارێزگاری هەولێر کرد
تاران ...
جێگری سەرۆککۆماری ئێران، پێشوازیی لە پارێزگاری هەولێر کرد
ئەمڕۆ دووشەممە 2025.4.28، عەبدولکەریم حوسێنزادە، جێگری سەرۆککۆماری ئێران بە ئامادەبوونی د.حەمیدی، جێگری وەزیری ناوخۆی ئێران، پێشوازیی لە ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و شاندی یاوەری کرد.
لە دیدارەکەدا، جێگری سەرۆککۆماری وێڕای بەخێرهێنانی پارێزگاری هەولێر، خۆشحاڵی خۆی بەسەردانەکەیان بۆ کۆماری ئیسلامیی ئێران نیشاندا و جەختی لە بەرەوپێشبردنی زیاتری دۆستایەتی و پەیوەندیی مێژووی نێوان گەلی ئێران و گەلی کورد و پتەوکردنی پەیوەندییە گشتی و فەرهەنگی و ئابوورییە هاوبەشکان کردەوە و ئامادەیی خۆشی دووپاتکردەوە لە بەرەوپێشچوونی زیاتریان.
پاشان پارێزگاری هەولێر، تەئکیدی لەوە کردەوە کە پاڵشت و هاوکارن بۆ زیاتر بەرەوپێشچوونی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامی ئێران.
ئاماژەی بەوەشدا، خواستی ئێمە، ئەوەیە پەیوەندییەکی باش و تۆکمەی هەبێت لەگەڵ سەرجەم وڵاتان بە تایبەتی کۆماری ئیسلامی ئێران.
لە تەوەرێکی تری دیدارەکەدا، پارێزگاری هەولێر، ڕۆڵی محمەد سادق موعتەمدیان، پارێزگاری تارانی لە پێشخستنی پەیوەندییە ئابووری و پیشەسازییەکان و جوڵەی بازرگانی نێوان هەولێر و ئازربایجانی ڕۆژئاوا بەرز نرخاند، گوتیشی، ئێستاش خواستی ئێمە وەکو هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان ئەوەیە ئەو ڕێککەوتن و لێکتێگەیشتنە لەگەڵ پارێزگای تاران دووبارە بکەینەوە بۆ پتر گەشەسەندنی پەیوەندییە ئابووری و پیشەسازییەکانی نێوانمان.
لە کۆتایشدا بە فەرمی بانگهێشتی جێگری سەرۆککۆماری کرد بۆ سەردانیکردنی هەولێری پایتەخت و هەرێمی کوردستان.