تاران ... بە ئامادەبوونی پارێزگاری هەولێر و پارێزگاری تاران، دیداری تایبەتی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی گشتیی ئێران و تاران بەڕێوەچوو
تاران ...
بە ئامادەبوونی پارێزگاری هەولێر و پارێزگاری تاران، دیداری تایبەتی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی گشتیی ئێران و تاران بەڕێوەچوو
رۆژی دووشەممە 2025.4.28، بە ئامادەبوونی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و محمەد سادق معتەمدیان، پارێزگاری تاران و جیهانگیری ئال ئیسحاق، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی گشتیی ئێران و د.مەحموود نەجەفی، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی تاران، دیدارێکی تایبەت لەگەڵ ئەندامانی ژووری بازرگانی و پیاوانی کار و وەبەرهێنەرانی ئێران ڕێکخرا.
له دیدارەکەدا، پارێزگارى ههولێر لە وتارێکدا، جەختی لە پەرەپێدانی پەیوەندییە بازرگانی و پیشەسازییەکان و بەهێزکردنى جوڵەی بازرگانی لە نێوان کۆماری ئیسلامی ئێران و هەرێمی کوردستان کردەوە و بەرەوپێشبردنى ڕەوشی ئابوورى و پیشەسازیى و بازرگانى و وەبەرهێنانی لە نێوان هەردوولادا بەگرنگ وەسفکرد. لەوبارەیەشەوە، ڕۆڵی ژووری بازرگانی و پیشەسایی هەولێر و ئێران بەگشتیی و تاران بەتایبەتی بەرز نرخاند.
دوپاتیشی کردەوە وەکو پارێزگای هەولێر، ئامادەین هەموو ئاسانکارییەک پێشکەش بە کۆمپانیا و بازرگانانى كۆمارى ئیسلامى ئێران بکەین تاوەکو ڕۆل و کاریگەرییان هەبێت لە بەرەوپێشبردن و پێشخستن و پهرهپێدانی بازرگانى و پیشەسازی و وەبەرهێنان لە هەولێرى پایتەخت.
لەلایەن خۆیانەوە پارێزگاری تاران و سەرۆکانی ژووری بازرگانى و پیشهسازیی ئێران و تاران، لە وتارەکانیان، خۆشحاڵى خۆیان بە سەردانەکەى پارێزگارى هەولێر نیشاندا و جەختیان لەسەر ئەوە کردەوە کە هەموو هەوڵێکى خۆیان دەخەنەگەڕ لە پێناو پتەوکردنى پەیوەندییە پیشەسازى و بازرگانییەکانى نێوان هەرێمى کوردستان و کۆمارى ئیسلامى ئێران و دۆزینەوەی رێگاچارەی گونجاو بۆ پێشخستی زیاتری.