پارێزگارى هەولێر، پێشوازیى لە سەرۆکى ڕێکخراوى داهێنەرانى کشتوکاڵى وڵاتی پۆلەندا کرد
پارێزگارى هەولێر، پێشوازیى لە سەرۆکى ڕێکخراوى داهێنەرانى کشتوکاڵى وڵاتی پۆلەندا کرد
ئەمڕۆ پێنجشەممە 2025.9.11، ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر، بە ئامادەبوونى هێمن سەید موراد، بەرێوەبەرى گشتیى کشتوکاڵى هەولێر، لە دیوانى پارێزگا، پێشوازیى لە کرستیۆفەر لوکاس، سەرۆکى ڕێکخراوى داهێنەرانى کشتوکاڵى پۆلەندا کرد.
لە دیدارەکەدا، تیشک خرایەسەر بەهێزکردن و پەرەپێدانى زیاترى پەیوەندییەکانى نێوان وڵاتى پۆڵەندا و هەرێمى کوردستان، پاشان گفتوگۆ لە بارەى ئەو پێشکەوتتنانەى لە هەولێرى پایتەخت بە تایبەتى و هەرێمى کوردستان بە گشتیى لە کەرتى کشتوکاڵ و پیشەسازیی خۆراک هاتۆتەدى کرا و جەخت لە بەرەوپێشبردنى زیاترى سێکتەرى کشتوکاڵ و پاراستنى ئاسایشى خۆراک و بە بازاڕکردنی بەرهەمى ناوخۆیی و ئاڵوگۆڕ و هاوردە و هەناردەکردنى بەرهەمە کشتوکاڵییە خۆماڵییەکانى هەردوولا کرایەوە.
بۆ ئەو مەبەستەش دواى ئەوەى سەرۆکى ڕێکخراوى داهێنەرانى کشتوکاڵى پۆلەندا، کورتەیەکى لە بارەى کار و چالاکییەکانی ڕێکخراوەکەیان خستەڕوو، لە بەرامبەردا پارێزگاری هەولێر، هەموو هەماهەنگى و ئاسانکاریەکى بۆ دووپاتکردەوە بۆ سەرخستنى کار و پڕۆژە و بەرنامەکانیان.
ڕاشیگەیاند، ڕێزدار مەسرور بارزانى، سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان گرنگیەکى تایبەت بە پەرەپێدانى کەرتى کشتوکاڵى دەدات، ئامانجى حکومەت و پارێزگاى هەولێریش وەرگرتنى ئەزموون و شارەزایی کەرتى کشتوکاڵی وڵاتانە، لە پێناو زیاتر بەرەوپێشبردنى کەرتى کشتوکاڵى و بەهێزکردنى پیشەسازیی خۆراک لە هەرێمى کوردستان بەگشتى و هەولێرى پایتەخت بە تایبەتى.
لە تەوەرێکى ترى دیدارەکەدا، تیشد خرایەسەر کردنەوەى پیشانگاى کشتوکاڵى نێودەوڵەتى هەولێر و بەشداریکردنى کۆمپانیا کشتوکاڵی و خۆراکییەکانى وڵاتى پۆڵەندا، پارێزگارى هەولێر خۆشحاڵى خۆى بە بەشداریکردنی ساڵانەیان لەو پیشانگایە نیشاندا و ئومێدى خواست ئەمساڵ کاراتر لە ساڵانى دیکە بەشدارى تێدابکەن و هەموو پاڵپشتى و هەماهەنگیەکى پارێزگاى هەولێریشى دووپاتکردەوە و دڵنیایی کردەوە لە چوارچێوەى ڕینمایی و یاسا بەرکارەکان دەرگاى هەولێرى پایتەخت بەڕووى هەموو کۆمپانیاکانى وڵاتەکەیان کراوەیەوە بۆ وەبەرهێنان لە شارى هەولێر.
له كۆتایدا، سەرۆکى ڕێکخراوى داهێنەرانى کشتوکاڵى پۆلەندا سوپاسی پارێزگاری هەولێری كرد بۆ پێشوازیی و پاڵپشتى و هاریکاریان و ئامادەیی خۆشى نیشاندا بۆ هەموو هەماهەنگییەک لەگەڵ ئەندازیار و ڕێکخراو و دەزگا و لایەنەکانى دیکەى کەرتى کشتوکاڵى لە هەولێرى پایتەخت.