لە هەولێر... فیستیڤاڵی زمان و کلتووری تورکمانی بەڕێوەچوو

لە هەولێر... فیستیڤاڵی زمان و کلتووری تورکمانی بەڕێوەچوو

لە هەولێر...
فیستیڤاڵی زمان و کلتووری تورکمانی بەڕێوەچوو

ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە 2025.10.9، بە ئامادەبوونی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و مونا قەهوەچی، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان و فەرهەنگ غەفوور، بەڕێوەبەری گشتی ڕۆشنبیری و هونەری هەولێر و محەمەد دڵشاد، بەڕێوەبەری گشتی ڕۆشنبیری و هونەری تورکمان و ژمارەیەكی تر لە کەسایەتییەکانی تورکمانی شاری هەولێر و هونەرمەندان و ڕۆشنبیران، لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتیی ڕۆشنبیری و هونەری تورکمانی، فیستیڤاڵی زمان و کلتووری تورکمانی لە هەولێری پایتەخت بەڕێوەچوو.

لە ڕێورەسمی دەستپێکردنی فیستیڤاڵەکەدا، پارێزگاری هەولێر لە وتارێک، وێرای دستخۆشی لە سەرپەرشتیاران و ڕێكخەرانی، جەختی لە برایەتی و پێكەوە ژیانی پێكهاتە نەتەوەیی و ئاینی و مەزهەبیەكانی شار هەولێر کردەوە و تیشکی خستەسەر ئەوەی هەولێری پایتەخت وەک ناسنامەی کوردستان لە پێکەوەژیاندا هەمیشە پێشەنگ بووە، لە ستراتیژیەتی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش، بەتایبەتی لە دیدگا و ڕووئیاکانی جەنابی سەرۆکی حکومەت، کارکردن بۆ قوڵترکردنی زیاتری گیانی برایەتی و پێکەوە ژیان و ڕێزگرتن لە نەتەوە و ئاینە جیاجیاکان و پێکهاتە نەتەوەییەکانی، بۆتە باوەڕ و پرنسیپی ئەساسی و لە هەموو کایەکانیدا ڕەنگی داوەتەوە.

ڕاشیگەیاند، هەرێمی کوردستان لە ناو هەموو ئەو ژاوەژاو و یەکتر قەبوڵنەکردن و ڕەتکردنەوەی یەکتر و دژ وەستانەوە بە ئاین و کەلتوور و زمانی یەکتر، کە لە ناوچەکەدا هەیە، بۆتە مەڵبەندی پێکەوە ژیانی ئاین و نەتەوەیی، وتیشی، جەنابی سەرۆک بارزانی، لەگەڵ دروستبوونی حکومەتی هەرێم و دامەزراوە فەرمیی و دەستووریەکانی ڕەتی کرووەوە دەستەواژەی کەمینە و زۆرینە بۆ پێکهاتەکان بەکار بهێنرێت، کە ئەوەش بوو بە ڕێچکەیەک لە ڕێچکەکانی پتەوبوونی زیاتری تەبایی و یەکتر قەبوڵکردن و خۆشەویستی و پێكەوە ژیانی نێوان پێكهاتە نەتەوەیی و ئاینەکان لە کوردستان.

دووپاتیشی کردەوە، وەک پارێزگای هەولێر و سەرجەم فەرمانگەکانی، پابەندین بە ڕەوشتی بەرز و بیرکردنەوەی میانڕەوانەی نیشتیمانیانەی هەولێریانە و ئەو بەها پیرۆزانەی لە ڕابردوودا جێگەی شانازی باب و باپیرانمان بووە، هەروەها جێبەجێکاری ئەو ڕێچکە و کارانە دەبین کە مایەی ڕەزامەندی خەڵکی شارەکەمانە.

لە کۆتایشدا ڕایگەیاند، هەولێر و هەولێرییەکان بە هەموو پێکهاتەکانیەوە شایەنی ڕێز لێگرتن و خزمەتکردنی زێتر و زۆرترن.

پاشان ڕێزلێنانی پێشکەش بە چەند کەسایەتییەکی دیاری تورکمانی هەولێری پایتەخت کرد.