هەولێر.. کردنەوەی پێشانگاى تایبەت بە هەلی کار، لە گشت کۆلێژ و پەیمانگا تەکنیکییەکان

هەولێر.. کردنەوەی پێشانگاى تایبەت بە هەلی کار،  لە گشت کۆلێژ و پەیمانگا تەکنیکییەکان

هەولێر..
کردنەوەی پێشانگاى تایبەت بە هەلی کار، لە گشت کۆلێژ و پەیمانگا تەکنیکییەکان

ئەمڕۆ چوارشەممە 2025.11.19، بە ئامادەبوونى ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر و ئەحمەد کانی، بەرپرسی بەشی دیراسات و پێگەیاندنی پارتی و سەروەر کەمال هاواری، بریکاری وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی و د.ئیدریس محمد، سەرۆکی زانکۆ و ڕاگر و مامۆستایانى کۆلێژ و پەیمانگاكان و نوێنەرانی یەكێتی قوتابیان و لاوان، پیشانگایەکى تایبەتی هەلی کار بە بوارە جیاوازەكان بۆ قوتابیانی گشت کۆلێژ و پەیمانگا تەکنیکییەکانی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر كرایەوە.

دواى کردنەوەى پیشانگاکە و بەسەرکردنەوەى بەشەکانى پیشانگاكە، پارێزگارى هەولێر، دەستخۆشى لە سەرپەرشتیار و بەشداربووانى پیشانگاکە کرد و وێڕای بەرزنرخاندنی ئەو هەنگاوە بە ئاڕاستەی چارەسەرکردنی گرفتی کار و ڕەخساندنی هەلی کار بۆ قوتابیان، هیوای خواست ئەو پیشانگایە ڕۆڵی هەبێت لە کەمکردنەوەی ڕێژەی بێکاری، کە یەکێکە لە ئامانج و ستراتیژیەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان و ببێتە هۆکارێکی تر بۆ بەرەوپێشبردنی ئەزموون و شارەزایی و دەرخستنی توانای لاوان و قوتابیان.

جێگەی باسە، ئامانج لە كردنەوەی ئەم پیشانگایە، بەدەستهێنانی هەلی کار و ئاشنابوونیانە بە چەندین دەرفەتی جیاواز و ڕەخساندنی پردی پەیوەندی و زەمینەسازییە لە نێوان قوتابیان و دەرچووان و کۆمپانیاکان.