هەولێر ... ڕێزلێنان بەخشرایە زانای دیاری کورد رەشاد میران

هەولێر ... ڕێزلێنان بەخشرایە زانای دیاری کورد رەشاد میران

هەولێر ...
ڕێزلێنان بەخشرایە زانای دیاری کورد رەشاد میران

ئەمرۆ سێشەممە 2025.12.23، بەئامادەبوونی د.پشتیوان سادق، وەزیری ئەوقاف و ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و ئەحەمەد كانی، بەرپرسی بەشی دیراسات و پێگەیاندنی پارتی و د.ئەمیر چالی، بریکاری وەزارەتی خوێندنی باڵا و د.کامەران یونس، سەرۆکی زانکۆی سەلاحەدین و ژمارەیەكی تر لە ڕاگر و مامۆستایانی زانكۆ، لە هۆڵی سەنتەری رۆشنبیری زانکۆی سەڵاح الدین، بەبۆنەی وەرگرتنی خەڵاتی نێودەوڵەتی (پووشکین) وەک یەکەمین کورد کە لە رووسیا ئەم خەڵاتەی بردووەتەوە رێزلێنان پێشكش بە زانای دیاری كورد " دکتۆر رەشاد میران " كرا.

لە ڕێورسمەكەدا، وێڕای پیرۆزبایی، دەستکەوتەکەی بە گەورە و شانازی بۆ هەموو کوردستانیان وەسفکرا و باس لەوە کرا ئەم دەستکەوتانە نموونەیەکی راستەقینەن لە هەوڵی زانستی و لێکۆڵینەوەی بەردەوام کە ناسنامە، مێژوو و کولتووری کوردی زیاتر دەناسێنێت لە ئاستی نێودەوڵەتیدا.

جێگەی باسە، خەڵاتی (پووشکین) یەکێکە لە بەرزترین خەڵاتە فەرمییەکانی رووسیا کە لەلایەن سەرۆککۆماری ئەو وڵاتەوە پێشکەشی کەسانی لێهاتوو دەکرێت کە بەشداری بەرچاو و کاریگەریان هەبێت لە بواری کولتوور، زانست، هونەر و پەرەپێدانی مرۆڤایەتی. دکتۆر رەشاد میران، کۆمەڵناس و زانایەکی لێهاتووی بواری مرۆڤناسی کوردە کە لە 1952 لە شەقڵاوە لەدایکبووە. بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە زانکۆی بەغدا بەدەستهێناوە و ماستەر و دکتۆرای لە پسپۆڕی ئێتنۆگرافیا لە لێنینگراد (رووسیا)ی وەرگرتووە. لە ماوەی 28 ساڵدا (1993-2021) مامۆستا بووە لە بەشی کۆمەڵناسی لە کۆلێژی ئەدەبیاتی زانکۆی سەلاحەدین و زیاتر لە 30 کتێب، توێژینەوەی زانستی و وەرگێڕانی بڵاوکردووەتەوە، ئەندامی دامەزرێنەری کۆمەڵەی کۆمەڵناسانی کوردستان و جێگری سەرۆکی ئەکادیمیای کوردی بووە.