هەولێر …. دوورگەی ناوەندی بێریڤان لە شوێنیکی پەراوێزخراو، بۆ دارستانێکی چڕ دەگۆڕدرێت
هەولێر ….
دوورگەی ناوەندی بێریڤان لە شوێنیکی پەراوێزخراو، بۆ دارستانێکی چڕ دەگۆڕدرێت
لە چوارچێوەی پڕۆژەکانی زیادکردنی سەوزایی و فراوانکردنی ڕووبەری سەوزایی لە شاری هەولێر، ئەمڕۆ سێشەممە 29.9.2026 بە ئامادەبوونی ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر، کارزان عەبدولهادی سەرۆکی شارەوانی هەولێر و رەوان ئیسماعیل بەڕێوەبەری ئەندازەی پارک و باخچەکانی هەولێر، و بەرێوەبەری شارەوانیەکان و ئەندازیاران، بەشی دووەمی پڕۆژەی سەوزکردنی دوورگەی ناوەندی بێریڤان دەستی پێکرد.
لە چوارچێوەی ئەم پڕۆژەیە، کە بە مەبەستی تەواوکردنی دارستانی بازاڕی سیم جێبەجێ دەکرێت، سەوزایی بە ڕووبەری ٣٩ هەزار مەتر دووجا دروست دەکرێت و پەرژینەکەش چاکسازی و نوێ دەکرێتەوە.
هەروەها، خەزانی ئاو بە تەواوی سیستەمی میکانیکی و کارەبایی، بە قەبارەی ٧٥ مەتر سێجا دادەمەزرێت و سیستەمی ئاودانی دڵۆپاندن بۆ پاراستن و بەڕێوەبردنی سەوزاییەکە جێبەجێ دەکرێت.
لە بەشی دارچاندنیشدا، ١٤٠٠ دار لە جۆرە جیاوازەکان دەچێنرێن، بۆ ئەوەی ئەم ناوچەیە لە شوێنێکی پڕ لە زبڵ و پاشماوەوە، بگۆڕدرێت بۆ دارستانێکی چڕ و سەوزایی.
جێبەجێکردنی ئەم پڕۆژەیە هەنگاوێکە بۆ زیادکردنی ڕێژەی سەوزایی لە شاری هەولێر و دروستکردنی ژینگەیەکی پاکتر و جوانتر بۆ هاوڵاتیان، لەگەڵ ئەو بەرنامە و پڕۆژانەی کە بۆ گرنگیدان بە کەرتی سەوزایی و فراوانکردنی شوێنە سەوزەکان لە هەولێر جێبەجێ دەکرێن.